'شاردنەوەی سەدام' لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک پێشاندرا

12-12-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
پۆستەری بەڵگەفیلمەکە.
پۆستەری بەڵگەفیلمەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکەمین پێشاندانی بەڵگەفیلمی 'شاردنەوەی سەدام' لەسەر ئاستی عێراق، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک پێشاندرا. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، قەرەباڵخی و نۆرەی بڕینی تکتە لە شاری دهۆک بۆ تەماشاکردنی بەڵگەفیلمی شاردنەوەی سەدام. یەکەم جارە بەڵگەفیلمەکە لە تەواوی عێراق پێشاندەدرێت، ئەویش لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی د‌هۆکە. 
 
نیو کاژێری مابوو بۆ دەستپێکردنی بەڵگەفیلمەکە، کەچی هەموو بلیتەکانی فرۆشران؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش بۆ بینینی بەڵگەفیلمەکە لە فێستیڤاڵەکە ئامادەبوو. 
 
ئەمە جاری سێیەمە دەمەوێت ئەم فیلمە بە شاشەی گەورە ببینمەوە. فیلمێکە هەموو کەس خۆی تێدا دەبینێتەوە، تامەزرۆی ئەوەیە کە بزانن ئەو 235 رۆژەی سەدام گیراوە، چۆن گیراوە، کێ گرتوویەتی، کێ شوێنەکەی ئاشکرا کردووە، هەموو ئەم چیرۆژکانە لەم فیلمەدا دەبیندرێن." 
 
بە فەرشی سوور پێشوازی لە دەرهێنەر و ستافی فیلمەکە کرا و بەرەو هۆڵەکانی سینەما رۆیشتن. فیلمەکە لە بەرهەمهێنانی کۆمپانیای 'هەنی فیلم'ی نەرویجی یە و بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیریی نەرویج و تۆڕی میدیایی رووداو بەرهەمهێنراوە. 
 
نێوەڕۆکی فیلمەکە باس لە شاردنەوەی سەدام حوسێن بۆ ماوەی 235 رۆژ دەکات. 
 
هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری کورد، نزیکەی 14 ساڵ کاری لەسەر بەرهەمهێنانی فیلمەکە کردووە و دەڵێت، "هەستێکی خۆشم هەیە لەبەر ئەوەی چیرۆکەکە خەڵکی ئەم وڵاتەیە، ئەم نمایشە لە فێستیڤاڵی دهۆک زۆر تایبەتە لەبەر ئەوەی یەکەمین نمایشی عێراقی فیلمەکەیە، ئەم فیلمە لە ساڵی داهاتوو لە هەموو سینەماکانی وڵاتانی عەرەبی بڵاودەبێتەوە." 
 
لە هەڵسەنگاندنی رەخنەگرەکانیشدا، فیلمەکە بۆشیاییەکی گەورە لەنێو سینەمای کوردیدا پڕدەکاتەوە. 
 
حەیدەر عەبدولرەحمان، یەکێکە لەو رەخنەگرانەی تەماشای فیلمەکەی کردووە و باس لەوە دەکات، "بەڕاستی بەڵگەفیلمێکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو، کاک هەڵکەوت مستەفا بۆ ماوەی دوازدە ساڵ سەرقاڵی ئەم فیلمە بووە و بەم شێوەیە مێژووەکی بۆ خۆی تۆمار کرد." 
 
116 فیلم لە دەیەمین گەڕی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک پێشاندەدرێن کە 50 لەوانە فیلمی کوردین و 66ـیشیان فیلمی بیانین. 
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە