بایکۆتی خوێندن زیانی بە بەشێکی فرۆشیاران گەیاندووە

12-12-2016
شادیە رەسول
  بازاڕی پەڕاوگە و جلوبەرگی قوتابخانەکان لاواز بووە
بازاڕی پەڕاوگە و جلوبەرگی قوتابخانەکان لاواز بووە
نیشانەکردن بایکۆت
A+ A-
رووداو - سلێمانی 

بەردەوامیی بایکۆتی خوێندن لە بەشێکی ناوچەکانی باشووری کوردستان، زیانی زۆری بەو فرۆشیارانە گەیاندووە کە جلوبەرگی قوتابخانە و  کەلوپەلەکانی خوێندن دەفرۆشن.
 
عەباس عەلی، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دوكانەكەی قەرەباڵخ نییە، چونكە بایكۆتی مامۆستایان وایكردووە ئەو پێداویستیانەی لە وڵاتی توركیا و چینەوە هێناویەتی نەفرۆشرێن.

عەباس عەلی، خاوەنی پەڕاوگە گللەیی لەو رەوشە هەیە و دەڵێ "ئەمساڵ وەكو ساڵانی رابردوو نییە، چونكە بایكۆت وایكردووە كەمترین فرۆشمان هەبێت، ساڵانی رابردوو فریا نەدەكەوتین، چونکە لە رۆژێكدا 100 كەس دەهاتن، بەڵام ئێستا 15 كەس نایەن، ئەوانەیش كە دێن قوتابی قوتابخانە ئەهلییەكانن، ئەمەش زیانێكی زۆری لێداوین".

ئەو قوتابیانەی بۆ پێداویستییەكانیان روو لە پەراوگەکان دەكەن، بەكردنەوەی قوتابخانەكانیان دڵخۆش نین، چونكە هێشتا هەندێك لە مامۆستایان بایكۆتیان نەشكاندووە.

لاس رۆستەم، قوتابییە و لەمبارەیەوە دەڵێ "ئێمە قوتابخانەكەمان كراوەتەوە، بەڵام تەنیا 3 مامۆستا هاتوونەتەوە، ئیدی بەچی دڵخۆش بین! هیچ ئامادەكارییەكم نەكردووە وەكو ساڵانی رابردوو، نازانین چیمان لێ بەسەردێت".

محەممەد غەفوور، فرۆشیاری جلوبەرگ و دەڵێ "سەرمان لێشێواوە، نازانین جلوبەرگی مەكتەب دانێین یان جلوبەرگی زستان، رۆژێك قوتابخانە هەیە رۆژێك بایكۆتە، ساڵانی پێشوو لەم كاتەدا لە دووكانەكانماندا 5 كەس خەریكی فرۆشتن بووین و فریا نەدەكەوتین، بەڵام ئەمساڵ بەتەنیام و فرۆشمان هەر زۆر كەمەم ئەوەی هێناومانە لە نێو مەخزەنەكاندا دایدەنێن".

زیاتر لە نیوەی وەرزی یەكەمی خوێندنی ئەمساڵ تێپەڕیوە، نەڵام هێشتا بەشێكی مامۆستایان بایكۆتیان نەشكاندووە و لە ناڕەزایەتییەكانیان بەردەوامن، چارەنووسی قوتابیانیش هێشتا نادیارە، ئەمەش بۆ بەشێك لە فرۆشیارانی پێداویستیی و كەلوپەلی خوێندن بێهیوای دروستكردووە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە