رووداو دیجیتاڵ
سبەی قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەویی بەسەر فەرمانبەرانی پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و 1000 فەرمانبەر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ دووشەممە 11 تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوەیەک لە شارەوانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی سێشەممە زیاتر لە 1000 پارچە زەوی لە رێگەی تیروپشکەوە بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دابەشدەکرێت کە پێشتر رەزامەندیان بۆ دەرچووبوو".
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر 16 هەزار فەرمانبەر لە پارێزگای دهۆک هەیە و سبەی کاژێر 10:00ی بەیانی وەک قۆناخی دووەم زیاتر لە 1000 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێت".
سەبارەت بە شوێنی زەوییەکانیش، سەرچاوەکە گوتی: "زەوییەکان دەکەونە شارۆچکەی فایدەی سەر بە قەزای سێمێل".
17ـی تشرینی یەکەم تیروپشک بۆ دابەشکردنی 5 هەزار پارچە زەوی لە هەولێر کرا. رۆژێک پێشتریش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تیروپشکی دابەشکردنی زەوی کرابوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە 17ـی تشرینی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش 2 هەزار و 474 پارچە زەوی رەزامەندیی دابەشکردنیان دراوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا، کە سوودمەند نەبوون.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ