رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێت ئەو خانەنشینانەی بایۆمەترییان نەکردووە سەردانی بانکەکان بکەن و لە سیستمەکەدا خۆیان تۆمار بکەن. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، خانەنشینان نەچن، گرفت بۆ مووچەیان دروست دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی 11-10-2024 بەڕێوەبەری یەکێک لە بانکەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دەرگای بانکەکەمان بۆ بایۆمەتری خانەنشینان کراوە بوو و هەر خانەنشینێک مابێت سبەی شەممەش دەتوانێت خۆی تۆمار بکات."
هەر ئەمڕۆ سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی رێکارەکان، هەر کەس بایۆمەتری نەکات مووچەکەی رادەگیرێت، بۆیە گرنگە هەر خانەنشینێک نەیکردبێت خۆی تۆمار بکات."
سادق عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە بەغداوە گوشار کراوە تەواوی خانەنشینان بایۆمەتری بکەن بۆ ئەوەی خانەنشینی راستەقینە مافی نەفەوتێت و کێشە بۆ مووچەکەی دروست نەبێت."
ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دوێنی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئاگاداری سەرجەم ئەو خانەنشینانە دەکەینەوە کە تا ئێستا بایۆمەتریان نەکردووە، سبەی هەینی و رۆژی شەممە سەردانی بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی پەیوەندیدار بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی فۆرمی بایۆمەتری. پێویستە لە هەمان رۆژیشدا سەردانی ئەو بانکانە بکەن کە پرۆسەی بایۆمەتریان تێدا ئەنجام دەدرێت".
وەزارەتەکە رایگەیاند، هەر خانەنشینێک لە بایۆمەتری خۆی تۆمار نەکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار لە مانگی تەمموزەوە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای مووچەی خانەنشینانی عێراق کرا، جگە لە خانەنشینانی سەربازی کە تاوەکو ئەمڕۆ هاوتا نەکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ