رووداو دیجیتاڵ
لە کۆی چوار وەزیرەکەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێ وەزیریان بڕیاریانداوە لە حکومەت بکشێنەوە، وەزیرێکیشیان بڕیاریداوە بمێنێتەوە. هەروەها زۆربەی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەوانەی لە پشکی گۆڕانن، بڕیاریانداوە لە حکومەتی خۆجێی پارێزگاکان بکشێنەوە.
10-10-2024، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەرى گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کشانەوەی حیزبەکەی لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێیی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە راگەیاند.
پۆستە وەزارییەکانی گۆڕان لە حکومەت
جگە لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری، کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازیى و بازرگانی بە دەست بزووتنەوەی گۆڕانەوەن.
کوێستان محەممەد عەبدوڵڵا، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پشکى گۆڕان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پابەندە بە بڕیارى بزووتنەوەکەى و نامەى دەستلەکارکێشانەوە رادەستى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات.
هەر دوێنێ دوای بڕیارەکە، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پابەندى بڕیارەکەى بزووتنەوەى گۆڕانم".
هەروەها رێباز عەباس، بەڕێوەبەرى نووسینگەى ئاواتى شێخ جەناب بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "کاک ئاوات وەک یەکەم وەزیرى بزووتنەوەى گۆڕان بڕیاریدا دەست لەکار بکێشێتەوە و پابەند بێت بە بڕیارى بزووتنەوەى گۆڕانەوە".
بەگوێرەی میدیای فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە 03-03-2023ـەوە دەست لەکار کێشانەوەی پێشکێشی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە و داواکارە پەسندی بکات.
تەنیا وەزیری بزووتنەوەکە کە تاوەکو ئێستا ئامادە نەبووە لە پۆستەکەی بکشێتەوە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، وەزیری ئاوەدانکردنەوە نزیکە لە کوڕانی نەوشیروان مستەفا و دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری بزووتنەوەکە نازانێت.
کەسێکی نزیک لەو وەزیرەی گۆڕان ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت: "کاک دانا عەبدولکەریم، دانای ئەحمەد مەجید بە بە رێکخەری نوێ نازانێت، بۆیە پابەندنی بڕیارەکەشی نابێت بۆ دەستلەکارکێشانەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەر یەکە لە چالاكی موهەندیس، بریكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەهرۆز عەلی، راوێژكاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەهرە محەممەد مەحموود، راوێژكار لە سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان و شەیما جەمال، راوێژكار لە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەیان داوە.
گۆڕان لە حکومەتی خۆجێیی
بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کشایەوە، بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ ئەمانەی خوارەوە لە حکومەتی خۆجێیی بڕیاری کشانەوەیان داوە:
- هەڵۆ سەڵاح چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی لە دەستەی وەبەرهێنان
- دیاری وەستا عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی كتێبخانەكانی هەرێمی کوردستان
- ژیلوان عادل شکور، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری کۆمەڵایەتی گەرمیان
- شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان
- د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی
- دکتۆر سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان
- بەرزان شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی
- هاوژین رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی
- كاروان رەئووف، بەڕێوەری سایلۆی گەرمیان
- سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان
- هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە وەكالەت
- تەها محەممەد قادر، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا لە قەزای كفری
- هاوتا عەزیز زەنگەنە، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش
- دابان محەممەد عارف، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت
- ئازاد حەسەن ئەحمەد، سەرۆكی لقی گەرمیانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
هەڤاڵ ئەبوبەکر: بێلایەن دەمێنمەوە
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی کە لە ساڵی 2017ـەوە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستەکەی وەرگرتووە، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، گۆڕان ئێستا دابەشی سەر دوو باڵ بووە. "بێبەریبوونی خۆمان لە هەردوو ماڵەکەی بزووتنەوەی گۆڕان رادەگەیێنین".
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: "لە ئەمڕۆوە وەکو کەسێکی تەکنۆکرات و بێلایەن لە ئەرکەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، تاوەکو ئەو کاتەی بەخشینەکەمان پەسند دەکرێت، یان رێکارێکی یاسایی و کارگێڕیی دەگیرێتەبەر بۆ دەستاودەستی پۆستەکەمان".
لەگەڵ ئەوەشدا، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندووە: "بۆ جاری سێیەم و کۆتایی؛ داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەخشینمان لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی پەسەند بکات".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەبارەی بڕیارەکەی هەڤاڵ ئەبوبەکرەوە بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێن، "پارێزگاری سلێمانی داوای بەخشین و دەستبەردابوونی لە پۆستەکەی کردووە، دوای ئەوەی پەسند کرا، ئەو ئازادە لە گۆڕان دەمێنێتەوە یان دەبێتە بێلایەن".
جگە لەوانەی كشاونەتەوە، چەند پۆستێکی دیکەی بزووتنەوەکە لەنێو حکومەتی خۆجێیدا ماونەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەوانەی نزیکن لە کوڕانی نەوشیروان مستەفاوە، ئامادەنین دەستلەکاربکێشنەوە و پابەندی بڕیارەکانی رێکخەرە نوێیەکەی حیزبەکە بن لە دەرەوەی گردی زەرگەتە.
پێشهاتەکان لە کاتێکدان، 28-09-2024، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە سازکرد.
بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە لە پارکی ئازادی دوای ئەوە بوو، کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگری لەو رێوڕەسمە رۆژی هەینی، 27-09-2024 دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.
دوای داخستنی دەرگەکە، هەریەک لە چیا و نما نەوشیروان مستەفا راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، رایانگەیاند "بۆ ئەوەی کێشەکان لەمە گەورەتر نەبن و كاردانەوە و پەرچەكرداری نەخوازراوی لێنەكەوێتەوە، لە گردی زەرگەتە کە ماڵی هەموو لایەکە و بۆ گۆڕانی راستەقینە و هەموو گۆڕانخوازێکە، هەروەها بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، پێویستە هەموو لایەک بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، بەتایبەتی کە ئارامگەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفای لێیە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "ئێمەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا، وەکو دوو هەڵسوڕاوی گۆڕان، پشتیوانی تەواو لە دەستووری نێوخۆیی و جڤاتەکان دەکەین. بۆیە لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتمانی، وەکو بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزووتنەوەی گۆڕان و بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی هەر گرژییەک لەنزیک ئارامگەی باوکمانەوە، پێمان باشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت، هەتا بارودۆخەکە هێور دەبێتەوە".
ئەوانەی دژی دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید بوون بە دەستنیشانکردنی وەکو رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە، رایانگەیاند، "لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان، رێکخەری گشتی بەوەکالەت دانانرێت. ئێمە دەمانەوێت بە هەڵبژاردن رێکخەری گشتی دابنرێت. نەوەکو بە کودەتا و وەکالەت".
دوای ئەو ناکۆکیانە، 04ـی 10ـی 2024، بزووتنەوەی گۆڕان و رێکخەرە نوێیەکەی بارەگایەکی نوێیان لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی کردەوە و رەتیانکردەوە، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە گردی زەرگەتە.
کێشەکان دوای ئەوە زەق بوونەوە، لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەهۆی نەکردنی کۆنگرەی گشتی، عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی گشتی بزووتنەوەی گۆران، بریکارنامەی گشتی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردووە و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد.
بریکارنامە گشتییەکە رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024 لە فەرمانگەی دادنووسی دووی سلێمانی بە ژمارە 30874 کرابوو.
بەشیکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە راگەیێندراویکدا ئاماژەیان بەوە کرد، "رێکخەری گشتی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان کەسێکە جێگەی رێزە وپێش سێ ساڵ لە 13-10-2021 لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا دەستیان لەکاركێشایەوە و راگەیێندراوی رەسمییان بڵاوکردەوە. لە هەمان کۆبوونەوەدا جڤاتی نیشتمانی لە راگەیێندراوی فەرمیدا پێشوازی و دەستخۆشییان لێکرا و دەستلەکارکێشانەوەیان قبوڵ کرا. لەسەر ئەو بنەما دەستوورییە ئەو وەکالەتە نادەستوری و ناقانونییە".
ئەوەشیان گوتووە، "رەوانشاد نەوشیروان مستەفا کاتێک رێکخەری گشتی بوو وەکالەتی تایبەتی بۆ کاروباری کۆمسیۆن کردەوە. نەوەک کەسێک بە وەکالەت بکات بە رێکخەری گشتی. بەکارهێنانی هەر بەراوردکارییەک بۆ چەواشەکاری و داپۆشینی فەزاحەتێکی گەورەیە".
دانا ئەحمەد مەجید، کە پێشووتر پارێزگاری سلێمانی بوو، دوای 10 ساڵ دوورکەوتنەوە لە کوردستان، لە نێوەڕاستی ئەم ساڵ گەڕایەوە.
دوای داخستنی دەرگەکە، هەریەک لە چیا و نما نەوشیروان مستەفا راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "بۆ ئەوەی کێشەکان لەمە گەورەتر نەبن و كاردانەوە و پەرچەكرداری نەخوازراوی لێنەكەوێتەوە لە گردی زەرگەتە کە ماڵی هەموو لایەکە، و بۆ گۆڕانی راستەقینە و هەمو گۆڕانخوازێکە، هەروەها بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، پێویستە هەموو لایەک بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، بەتایبەتی کە ئارامگەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفای لێیە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "ئێمەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا، وەکو دوو هەڵسوڕاوی گۆڕان، پشتیوانی تەواو لە دەستووری نێوخۆی و جڤاتەکان دەکەین. بۆیە لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتمانی وەک بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزووتنەوەی گۆڕاندا و بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی هەر گرژییەک لە نزیک ئارامگای باوکمانەوە، پێمان باشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت، هەتا بارودۆخەکە هێور دەبێتەوە".
کۆمیسیۆن بریکارنامەکەی پەسند کردووە
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بریکارنامەکەی عومەر سەید عەلی بۆ دانا ئەحمەد مەجیدی پەسندکردووە.
بەپێی نەریتی کارپێکراو، بریکارنامەی گشتی بەلایەنی کەمەوە دەکرێت بۆ ماوەی 15 ساڵ بەکاربهێندرێت، لەکاتی مردنی یەکێک لە لایەنەکانی یان لەدەستدانی شیاوێتی یان رەتکردنەوەی یەکێک لە لەلایەنەکانی بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت.
ئەو بریکارنامە گشتییە لە کاتێکدایە کۆنگرە (کۆنفرانسی نیشتمانی)ـی بزووتنەوەی گۆڕان دواکەوتووە، هەرچەندە بڕیاربوو پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە سەرەتای ئەم مانگە تاوەکو نێوەڕاستی مانگ سەرجەم هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بکات، بەڵام بزووتنەوەکە تەنیا 9ـی ئەیلوولی 2024، دەستەی سەرۆکایەتیی جڤاتی گشتی هەڵبژارد، کە پێکدێن لە سەرۆک، جێگر و سکرتێری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەکە.
چۆن بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەدەچێت؟
بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەیەک ئۆرگانی هەیە، لەوانە جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، هەروەها جڤاتی گشتی.
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی".
رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، جگە لە سەرۆکی جڤاتی گشتی، لەنێو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان لەنێو ئەندامانی جڤاتی گشتی و کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەکە بەربژێر دەکرێن، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و زۆرینەی سادە پەسند دەکرێن و بە زۆرینەی رەهای دەنگی هەموو ئەندامەکانی دەگۆڕدرێن.
بەپێی دەستووری نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سێ ساڵ جارێک دەبێت و ئەوان دەتوانن تەنیا بۆ دوو خول خۆیان بەربژێر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ