وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران: کەمپى ئاشتى لە سلێمانى داخرا

11-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
 وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، دوایین کاروانى خێزانە ئاوارەکان لە کەمپى ئاشتى سنوورى پارێزگاى سلێمانى گەڕانەوە و کەمپەکە داخرا.
 
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ى تەمووز، کەمپى ئاوارەکانى ئاشتى لە پارێزگاى سلێمانى داخرا و کەمپەکە رادەستى حکومەتى خۆجێیی شارەکە کرا.
 
 ئەو کەمپە لە دواى هێرشەکانی داعش لە ساڵى 2014 بۆ ئەو  خێزانانە دروستکرا کە لە پارێزگاکانى ئەنبار، نەینەوا، کەرکووک، سەلاحەدین و دیالە ئاوارە بوون. 
 
عەلى جیهانگیر گوتى، "دوایین کاروانى خێزانەکانى ئەو کەمپە 9ى تەممووز گەڕاونەتەوە و 60 خێزان بوون و سەرجەمیان خەڵکى سنوورى پارێزگاى سەلاحەدین بوون".
 
وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران لە کاتى گەڕانەوەى هەر خێزانێکى ئاوارە بۆ زێدى خۆى چوار ملیۆن دینار، تەباخ، بەفرگر و تەلەڤیزیۆنێکیان پێدەدات.
 
 لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا دواى داخستنى کەمپەکە، ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، هێشتا کەمپى ئاوارەکان لە هەولێر و دهۆک ماون و چاوەڕوانى داخستنیان و گەڕاندنەوەى خۆویستانەى ئاوارەکان دەکەن بۆ ناوچەکانیان.
  
لەدواى 30ى تەممووز، ئەو ئاوارەیەى لە هەرێمى کوردستانەوە نەگەڕابێتەوە زێدی خۆی، بە نیشتەجێ لەو شارە هەژمار دەکرێت، کە کەمپەکەى لێیە و وەکو ئاوارە مامەڵەى لەگەڵ ناکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە