شارەوانیی دینارتە دەست بەسەر ژمارەیەک مانگادا دەگرێت

11-06-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ شارەوانیی ناحیەی دینارتە لە سنووری ئاکرێ دەستی بەسەر 17 مانگادا گرت و دەڵێت، ببوونە هۆی بێزاری دانیشتووانی ناحیەکە.
 
نەعمان سەلیمخان، سەرۆکی شارەوانیی دینارتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتانەی کە رۆژانە تیمەکانیان بۆ نەهێشتنی دیاردەی بەخێوکردنی ئاژەڵ لە سەنتەری ناحیەکە دەیکەن، دەستیان بەسەر ئەو ژمارە مانگایەدا گرتووە.
 
بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی دینارتە، ماوەی 24 کاژێریان داوە بە خاوەنەکانیان تاوەکو سەردانیان بکەن و سزاکانیان بدەن کە لە نێوان 50 بۆ 100 هەزار دینارە، ئەمە بۆ ئەوانەیە کە جاری یەکەمیانە دەست بەسەر ئاژەڵەکانیاندا دەگیرێت، بەڵام دەڵێت، ئەوانەی جاری دووەمیانە مانگاکانیان دەستبەسەر دەکرێن، سزاکانیان سێ ئەوەندەیە بۆ هەر مانگایەک.
 
نەعمان سەلیمخان گوتیشی، بەپێی یاسای ژمارە شەشی ئیدارەدانی شارەوانییەکان کە لە ساڵی 1993 دەرچووە و هەموارکراوەتەوە، ساڵێکە هەڵمەتی نەهێشتنی دیاردەی بەخێوکردنی ئاژەڵیان لە سنووری شارەوانییەکەیان دەستپێکردووە و بەردەوامن بۆ بنبڕکردنی دیاردەکە لە سەنتەری ناحیە.

 

 
ئەمە یەکەم جار نییە لە دینارتە شارەوانی دەست بەسەر مانگای خەڵکدا دەگرێت، هاوینی پار نزیکەی 40 مانگایان لەناو شار کۆکردەوە و خاوەنەکانیان سزا درابوون. 
 
سەبارەت بەوەی کە ئەگەر لەماوەی 24 کاژێردا خاوەنی مانگاکان لێیان نەپرسن، سەرۆکی شارەوانیی دینارتە گوتی، مانگاکان لە شوێنێکی دووری سنوورەکە بەرەڵڵا دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە