رووداو - هەولێر
یەکێک لە رێگە جیاوازەکانی کاری خێرخوازی و هاوکاری مرۆیی بریتییە لە سوود وەرگرتن لە توانا هونەرییەکان. عەدنان کەریم یەکێکە لەو هونەرمەندانەی لە رێگەی کاری هونەری و بە دیاریکراویش سازدانی کۆنسێرتەوە هاوکاری لێقەوماوانی کردووە.
لە بەرنامەی لەگەڵ ئادەم لە تۆڕی میدیایی رووداو، هونەرمەند عەدنان کەریم لەبارەی گرتنەبەری ئەو رێگەیە بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان گوتی: "لە راستیدا ئەمە هەمووی هەوڵدانە بۆ ژیان. هەموو ئەو کارانەی دەیکەیت بەشی گەورەی خەڵکی پێوەیە. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت تەنها من نیم ئەو کارە دەکەم. هونەرمەندانی دیکەش ئەو کارەیان کردووە، کە جێگەی ستایش و رێزو خۆشەویستییە بۆ من".
عەدنان کەریم دەڵێت: "زۆربەی کات کە کارم کردووە بیرم لەوە کردووەتەوە، ئەو هاوکارییەی تۆ دەیکەیت لەوانەیە وەکو چۆن تۆوێک دەچێنیت، کەسانی دیکەش فێری ئەو حاڵەتە دەبن، چونکە هەمیشە مرۆڤ پێویستی بە یارمەتی هەیە".
سەبارەت بە هەستەکانی کاتێک لە رێگەی کارێکی هونەرییەوە هاوکاری لێقەوماوان دەکات، عەدنان کەریم دەڵێت: "بۆ نەخۆشخانەی هیوا، لێقەوماوانی کۆبانێ کە وڵاتیان بەجێهێشتووە و هاتوون لە کەمپەکان دەژین، بۆ چەندینی دیکە کارم کردووە، خۆی لە خۆیدا ئەو شعورە گرنگە کە تۆ هەستی پێدەکەیت کارێکت بۆ مرۆڤایەتی کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ