رووداو دیجیتاڵ
گەڕەکێکی نوێ لە باشووری کەرکووک بە زیادەڕۆ دروستکراوە و سەرجەم دانیشتووانەکەی عەرەبن.
بەپێی ئامارەکانی قایمقامیەتی کەرکووک بێت، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا چوار گەڕەکی نوێی عەرەبی دروستکراون، کە نزیکەی شەش هەزار و 200 خێزان تێدا نیشتەجێ بوونە.
خەلیفە و براکەی ساڵێکە لە دیالەوە هاتوونەتە کەرکووک و دەڵێن، ئیدارەی کەرکووک هاوکاریانە و ئاو و کارەبای بەخۆڕایی پێداون.
خەلیفە ئەحمەد، خەڵکی پارێزگای دیالەیە و دەڵێت، "هەموویان کۆچبەرن، لە ناوچەکانی حەویجە، ریاز، رەشاد و زاب هاتووین و هەندێکیشمان خەڵکی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالەین. ئیدارەی کەرکووک زۆر باشە، ئێمە کە زیادەڕۆمان کردووە، ئاو و کارەبامان بەخۆڕاییە و هەموو شتێک هەیە، ئێستا ستوونی [کارەبا] نوێیان بۆ هێناوین."
خێزانە عەرەبەکان لەنێو گەڕەکەکانی سەیادە، علوە، حوزەیران و ناوچەی 55 خانووی زیادەڕۆیان دروستکردووە و دەڵێن مافی خۆمانە لە هەر شوێنێک بژین و دەبێت ئیدارەی کەرکووک هەموو پێداویستییەکانمان بۆ دابین بکات.
هیلال جەدوع خەڵکی حەویجەیە و دەڵێت، "ئێمە کە هاتین لێرە نیشتەجێ بووین، هەموو خانووەکان زیادەڕۆن و خودا خێری رێکخراوەکان بنووسێ کە هاتن و هاوکارمان بوون، دۆخی ئێمەش وەکو هەموو عێراقییەک وایە، خۆ لە ئەفریقاوە نەهاتووین، بۆیە داوا دەکەین پرۆژە و ئاوەڕۆمان بۆ بکرێت و دەوڵەت چاوی لێمان بێت."
نەبوونی چاودێریی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئیدارەی کەرکووکی دەستکراوە کردووە لە هاوکاریکردن بۆ هاتنی عەرەب و هەوڵدان بۆ گواستنەوەی پسوولەی خۆراکیان و گەیاندنی پرۆژە بۆ گەڕەکەکانیان.
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "ئەگەر خانووی زیادەڕۆ لە خوارووی کەرکووک بکرێت، خزمەتگوزاریی زیاتری بۆ دەکرێت، وەک ئەوەی لە باکووری کەرکووک بێت، ئەوانەی زیادەڕۆ دەکەن خەڵکی رەسەنی کەرکووک نین و ئیدارەی کەرکووک دەیەوێت بیانکاتە خەڵکی رەسەنی کەرکووک."
جگە لەو هاوردانەی لە پارێزگاکانی دیکەوە هێنراونەتە کەرکووک، هێشتا 23 هەزار خێزانی ئاوارەی حەویجە، ریاز، رەشاد و زاب لە نێو کەرکووک ماون و وێڕای دەرهێنانی ناوچەکانیان لە دەستی داعش، ئامادە نین بۆی بگەڕێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ