کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق

11-04-2021

20:49

نێچیرڤان بارزانی: ده‌بێت به‌ تێڕوانينێكى تازه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ بۆ داهاتوو بڕوانین

 
ئەمڕۆ یەکشەممە، له‌ رۆژى دووه‌مى سه‌ردانەکەیدا بۆ به‌غدا، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى ژماره‌يه‌ك سه‌ركرده‌ و هێزه‌ سياسييه‌كانى عێراقى كرد و لە کۆبوونەوەکانیدا، دۆخى سياسى، ئابوورى و ئه‌منيى عێراق و ئاڵنگارییە‌ جياجیاكانى به‌رده‌م وڵاتەکەی لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێکردووە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی گوتووە، دەبێت به‌ دانايى و نه‌رمى مامه‌ڵه‌‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا بكرێت.
 
ئەو سەرکردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵیان کۆبووەوە بريتى بوون لە: عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه،‌ ئوسامه‌ نوجێفی، سه‌رۆكی به‌ره‌ی رزگاری و په‌ره‌پێدان، جه‌مال ئه‌لزاری، ئه‌مینداری گشتیی پرۆژه‌ی نیشتمانیی عێراقی، نووری مالیكی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تی یاسا، هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی فه‌تح، د. حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانيی نه‌سر، د. نه‌سسار ئه‌لروبه‌یعی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سیاسیی ره‌وتی سه‌در و ئه‌ندامانى ده‌سته‌كه‌.
 
راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە دەکات له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا راشكاوانه‌ و به‌ كراوه‌يى دۆخى سياسى و ئابوورى و ئه‌منيى عێراق و ئاڵنگارییە‌ جياجیاكانى به‌رده‌م وڵات، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى نێوانيان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جيهان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، تاوتوێكران.
 
نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان لايه‌نه‌ عێراقييه‌كانى كرد بۆ په‌سندكردنى بودجه‌ى عێراق و هيواى خواست ئه‌وه‌ سه‌ره‌تايه‌ك بێت بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ديكه‌ى عێراق به‌گشتى و كێشه‌كانى نێوان حكومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماده‌يى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور دووپات كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە "هه‌موومان له‌ عێراق هه‌ڵه‌مان كردووه‌، ده‌بێ به‌ تێڕوانينێكى تازه‌ى هاوبه‌شه‌وه‌ بۆ داهاتوو و بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان لاپه‌ڕه‌يه‌كى تازه‌ هه‌ڵبده‌ينه‌وه‌ و سوورد له‌ ئه‌زموون و هه‌ڵه‌كانى رابردوو وه‌ربگرين."
 
سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتنى عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ پێگه‌ى ئاساييى خۆى، وەک نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی پێکردووە، به‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ ناوخۆييه‌كانييه‌وه‌ به‌نده‌ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستانيش له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵ كليلى سه‌قامگيرى و داهاتوويه‌كى باشتره‌ بۆ ته‌واوى عێراق، هه‌رچه‌ند كێشه‌كانى عێراق چاره‌سه‌ر ببن، ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گرنگه‌ دانيشتن و په‌يوه‌نديى به‌رده‌وام له‌نێو لايه‌نه‌ عێراقييه‌كاندا هه‌بێت. رايگه‌ياندووە "ئه‌م سه‌ردانه‌شمان بۆ به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مايه‌يه‌ و ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌ك له‌ په‌يوه‌نديى به‌رده‌وامدا بين و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كان له‌ به‌غدا و هه‌ولێر به‌رده‌وام بن."
 
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە، "هێز، ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق پێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌، نه‌وه‌يه‌كى تازه‌ى سياسى له‌ عێراق دروست بووه‌ و ده‌بێ به‌ دانايى و نه‌رمى مامه‌ڵه‌‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ و رووداوه‌كاندا بكرێت. ده‌بێ هه‌مووان له‌ عێراق پێكه‌وه‌ بگه‌ينه‌ تێگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش بۆ ئاينده‌يه‌كى باشتر و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان. عێراق خاوه‌نى سه‌رچاوه‌ى مرۆيى و سرووشتيى ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و ده‌بێ هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان له‌ پرۆسه‌ى سياسى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا هاوبه‌ش بن و له‌ ئه‌رك و مافه‌كاندا يه‌كسان بن. عێراق پێويستى به‌ به‌هێزكردنى دامه‌زراوه‌كانیيه‌تى و گه‌لى عێراق له‌ هه‌موو شوێنێكى وڵات شايسته‌ى ژيانێكى باشتره‌ و پێشبينيى زياترى خزمه‌تگوزارى ده‌كه‌ن، حه‌ز ده‌كه‌ين هه‌موو عێراق پێشكه‌وتوو بێت".
 
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا لايه‌نه‌ عێراقييه‌كانيش سوپاسى سه‌ردانى نێچيرڤان بارزانييان بۆ به‌غدا كردووە و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و هێز و لايه‌نه سياسييه‌كان‌ به‌ گرنگ له‌ڕووى كاته‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ ده‌ستپێشخه‌رى و هه‌نگاوێكى ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا و هيوايان خواست ببێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ گفتوگۆيه‌كى جدديى لايه‌نه‌كان له‌سه‌ر كێشه‌‌ و گرفته‌كانى عێراق و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوانيان بۆ چۆنيه‌تيى چاسه‌ره‌كردنيان و قووڵكردنه‌وه‌ى هاوبه‌شى له‌نێوان هه‌موواندا.
 
 
زیاتر بخوێنەوە

18:45

نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیکی چارەسەری ریشەیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێدەکەن

 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا چارەسەری ریشەیی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییان تاوتوێکرد. 
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی نووری مالیکی، ئەمڕۆ یەکشەممە 11/4/2021، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا  لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازیکرد لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی دۆخی سیاسی  و ئاسایشی عێراق و پێویستی بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.
 
لای خۆیەوە نووری مالیکی دووپاتیکردووەتەوە لەسەر پشتبەستن بە گفتوگۆی جیدی بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور، بەتایبەتی دابەشکردنی سامانە سروشتییەکان کە بەرژەوەندی سەرجەم هاووڵاتیان فەراهەم بکات و  ئاماژەی کردووە بە گرنگی رەخساندنی دۆخێکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دابینکردنی ئاسایشی هەڵبژاردن، بەشێوەیەک کە مافی گەلی عێراق پارێزراوبێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز، کە توانای پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری هەبێت.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

18:38

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا: دەبێت پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا: دەبێت پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی سەردانەکەی بۆ بەغدا دوای سەردانی رەوتی سەدر، سەردانی بارەگا سووتاوەکەی پارتی لە بەغدا کرد، لەوێ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی سەردانەکەی ئاماژەی بەوە کرد، "کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا تەنیا پەیوەندی بە بودجەوە نییە... و دەبێت پێکەوە چارەسەری کێشەکان دابنێین."
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی پرسی، لەبارەی ئەو کۆبوونەوانەی ئەمڕۆ ئەنجامتاندا، هەموو لایەنەکان بە گرنگییەوە باسیان کرد، پێتان وایە ئەنجام و کاردانەوەکانی چی دەبێت؟ سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەڵامی دایەوە "خۆی بەڕای من خودی سەردانەکە بۆ بەغدا و دانیشتن لەگەڵ بەرپرسان هەنگاوێکی زۆر باشە و پێم وایە ئەم پەیوەندییە دەبێت بەردەوام بێت."
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە دوای پەسندکردنی یاسای بودجە بە پێویستمان زانی ئەم سەردانە بۆ بەغدا بکەین و یەکەم شت سوپاسی فراکسیۆنەکان بکەین.. کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا تەنیا پەیوەندی بە بودجەوە نییە، پەیوەندی بە بابەتی ماددەی 140ـەوە هەیە، پەیوەندی بە کەرکووک و شنگال شوێنەکانی دیکەوە هەیە. ئەوەی کە گرنگە ئێمە دەبێت پێکەوە چارەسەر دابنێین بۆ هەموو ئەو کێشانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وایە، بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، عێراق بەرەو سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی دەڕوات و هەر پێشکەوتنێک لەوبارەیەوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە و لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقە بە شێوەیەکی گشتی. 
 
فەلاح مستەفا، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ ئەوەی سەقامگیری و پەیوەندییەکی دروست لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەم سەردانانە گرنگن... کۆبوونەوە و سەردانی بەردەوام هاوکار دەبێت بۆ تێگەیشتنێکی هاوبەش و نەهێشتنی کێشەکان."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە گوتەی فەلاح مستەفا، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە 18 ساڵ لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق کێشەکان وەکو خۆیان ماونەتەوە، بۆیە دەبێت هەولێر و بەغدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بە جیددی ئەو پرسانەی کە هەن بە راشکاوی قسەیان لەسەر بکەن و کار بۆ چارەسەرکردنیان بکەن. 
 
سەردانە دوو رۆژییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە دەستی پێکرد، دوێنێ لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، جێنین هێنس پلاسخارت و فائق زێدان کۆبووەوە. ئەمڕۆش حەوت کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەنجامداوە. 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:08

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رەوتی سەدر هەڵبژاردنی پێشوەختە تاوتوێدەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رەوتی سەدر هەڵبژاردنی پێشوەختە تاوتوێدەکات
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بارەگای رەوتی سەدر کە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەکات و لەنێو هاوپەیمانیی سائیرووندا 56 کورسیی پەرلەمانیان هەیە. 
 
نەسار روبەیعی، سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کرد. هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، کۆبوونەوەکە جیا لە کۆبوونەوەکانی دیکە تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەیە و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە وەک مژارێکی گەرم، تاوتوێ دەکەن کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 10ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت.
 
عەلا روبەیعی، پەرلەمانتاری سائیروون کە خۆی بەشداری کۆبوونەوەکەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و دەبێتە دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا." ئەو گوتیشی، دەتوانن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانێتییەکی بەهێز دروست بکەن.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

11:32

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جەمال زاری، نووری مالیکی و هادی عامری کۆبووەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ جەمال زاری، ئەمینداری گشتیی پرۆژەی نیشتمانی کۆبووەوە کە یەکێکە لە سەرکردە سوننەکانی عێراق.
 

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دواتر لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆبووە و کۆبوونەوەی دواتریشی لەگەڵ، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح بوو. 
 
زیاتر بخوێنەوە

11:03

نێچیرڤان بارزانی و ئوسامە نوجەیفی کۆبوونەوە

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئوسامە نوجەیفی

دوای کۆبوونەوە لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئوسامە نوجەیفی، سەرۆکی بەرەی رزگاری و پەرەپێدان کۆبووەوە.

بڕیارە دوای کۆبوونەوەی نێوان ئوسامە نوجێفی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای ئەمینداریەتی گشتی پرۆژەی نیشتمانی بکات و لەگەڵ شێخ جەمال زاری، ئەمینداری گشتی پرۆژەی نیشتمانی کۆببێتەوە، کە ئەویش سەرکردەیەکی سوننەکانە.

هەر لە بەردەوامی سەردان و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا بڕیاروایە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەریەک لە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و هەروەها نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر کۆببێتەوە.

 

زیاتر بخوێنەوە

09:10

کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق

کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ

لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بارەگای رەوتی حیکمەی نیشتمانی و لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند: کاژێر 09:00ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 11-4-2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بارەگای رەوتی حیکمە لە بەغدا و لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتەکە و سەرۆکی هاوپەیمانی عێراقیون پێشوازی لێکرا و ئێستا هەردوولا لە کۆبوونەوەدان.
 
بەپێی بەرنامەی دیدار و سەردانەکانی بێت، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا نزیکەی 9 کۆبوونەوەی جیاوازی دەبێت، لەگەڵ هەریەک لە سەرکردەکانی شیعەو سوننە. بڕیاروایە لەگەڵ نووری مالیکی، هادی عامری، خەمیس خەنجەر، ئوسامە نوجێفی و رەوتی سەدر کۆببێتەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی دوو رۆژە لە بەغدایە، ئێوارەی رۆژی شەممە 10ی نیسانی 2021، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، د. فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە. بڕیارە ئەمڕۆش ژمارەیەک دیدارو کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەبێت.
 
دوای نیوەڕۆی رۆژی شه‌ممه‌ 10-04-2021 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە بەغدا و له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق كۆبووه‌وه‌. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، هاريكارى و هاوئاهەنگيى نێوان دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌تى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا تاوتوێکراوە، هەروەها باسی هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تاوان و هاريكاريى هه‌ردوولا بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شنگال کراوە.

 

 
ئێوارەی هەمان رۆژ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سه‌رۆكکۆماری عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەیاندا، جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە "پێویستە بودجە لەپێناو دابینكردنی خۆشگوزەرانيی ھاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانی بژێوی و مووچەدا جێبەجێ بكرێت."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ فائق زێدان، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق و ژماره‌يه‌كى له‌ دادوه‌ران و سه‌رۆكى دادگەكان كۆبووه‌وه‌.
 
هەمان رۆژ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش کۆبووەوە. هاوکات لەگەڵ ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە. هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەلایەن ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبییەوە بۆ سه‌ردانى باره‌گاى كۆمكارى عه‌ره‌بى له‌ قاهيره‌ بانگهێشت كرا.
زیاتر بخوێنەوە