رووداو دیجیتاڵ
دەزگای روانگە رایگەیاند، بە بۆنەی مانگی رەمەزانەوە، 16 هەزار سەبەتەی خۆراکی 35 کیلۆیی لە شارەکانی باشووری کوردستان دابەش دەکەن.
حەسەن شێخ عەلائەدین، سەرۆکی جێبەجێکاری دەزگای روانگە، ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "لە چوارچێوەی سێکتەری کارە خێرخوازییەکان، لەسەر ئەرکی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک و دامەزرێنەری دەزگای روانگە، 16 هەزار سەبەتەی خۆراک لە زاخۆ تاوەکو خانەقین دابەش دەکەین".
هەر سەبەتەیەک 35 کیلۆ خۆراکە بۆ خێزانێک. حەسەن شێخ عەلائەدین دەڵێت، بۆ ئەوەی بیگەیێننە دەستی خێزانە شایستەکان، لیستی ناویان لە ناوەندی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان (جەی سی سی) لە پارێزگاکان وەرگرتووە و راوێژیشیان بە یەکێتیی زانایان و مامۆستایانی ئایینیی لە شارە جیاکان کردووە.
خۆراکەکان لە 11 بارهەڵگردا جێکراونەتەوە و ئەمڕۆ رەوانەی شارەکانی باشووری کوردستان دەکرێن. بە گوتەی سەرۆکی جێبەجێکاری روانگە، "کواڵیتی خۆراکەکان لە ئاستێکی زۆر باشدایە".
ئەوانەی خۆراکیان بەسەردا دابەش دەکرێت ناوەکانیان گەیشتووە بە دەزگای روانگە. بەشێکی خۆراکەکانیش ئەمانەن: برنج، رۆنی شل، شەکر، چا، خوێن، دۆشاوی تەماتە، نیسک و ساوەر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ