رووداو دیجیتاڵ
هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ گەنجێکی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین دەنگدانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە و لە ماوەی سێ رۆژ دا 12 ملیار تمەنی بۆ کۆکرایەوە. رێکخەری کەمپەینەکەش دەڵێت، "یەکەم کەمپەیەنە لەو ماوە کەمەدا ئەو بڕە پارەیەی تێدا کۆ بکرێتەوە."
فەرهاد رەنجبەر، خاوەنی پێشانگەی ئۆتۆمبێلە لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا بەو کەمپەینە هەڵساوە، بە رادیۆی رووداوی گوت، ئەو گەنجە[فارووق یارە] شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بووە و لە رووداوێکی هاتووچۆ دا کارمەندێکی پۆلیسی کوشتبوو، دواتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو. "خانەوادەی هەردوولا رێککەوتبوون کە لەماوەی سێ مانگ بەرامبەر 12 ملیار تمەن کەسوکاری پۆلیسەکە لێی خۆشببن و ئازاد بکرێت."
فەرهاد رەنجبەر دەڵێت، "دایک و باوکی فارووق لەگەڵ برایەکی کە خاوەن پێداویستیی تایبەت بووە هاتنە لامان و داوایان کرد هاوکاریان بین بۆ ئەوەی هەڵمەتێک بکەین و خەڵكی خێرخواز و چاکەخوازان هاوکاربن بۆ رزگارکردنی ئەو گەنجە لە پەتی سێدارە و ئەو پارەیە کۆ بکەینەوە."
رێکخەری کەمپەینەکە دەڵێت، "دەبوو خێزانی فارووق، لەماوەی سێ مانگدا ئەو پارەیە پەیدا بکەن، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی و ئاسوودەییە بۆ ئێمە توانیمان لە ماوەی 72 کاژێردا 12 ملیار تمەن کۆ بکەینەوە کە پێموایە ئەمە گەورەترین کەمپەینە لە ئێران لەو ماوە کەمەدا بۆ رزگارکردنی کەسێک ئەنجامدرابێت."
لەبارەی ئەوانەی کە هاوکاربوون و پارەیان بەو خێزانە بەخشیووە، فەرهاد رەنجبەر باسی لەوە کرد، "ئێمە کە هەڵمەتەکەمان لە پەیجی خۆمان و شاری مهاباد دەستپێکرد، لەهەموو شارەکان و کوردانی تاراوگە[ئەورووپا و ئەمریکا] و پارچەکانی دیکەی کوردستان، چالاکڤانانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوکاربوون و بە بەخشینی پارە بەشداربوون."
گوتیشی، "ئەوەی کراوە، بە هەوڵی هەموو لایەک بووە، هونەرمەندان، خێرخوازن، گەورە و بچووک بەشداربوون، چەندین خێزان و خانەوادە لە باشووری کورستانیش بەشداری هەڵمەتەکە بوون."
لەبارەی زۆرترین پارە کە بە کەمپەیەنەکە بەخشرابێت، فەرهاد رەنجبەر دەڵێت، "بڕەکان جیاوازبوون و ئەوەی لای ئێمە گرنگ بوو هەموو خەڵک بەشداربێت، ئێمە سوپاسی گەورە و بچووکیان دەکەین ئەوەی کە 10 هەزار تمەنی بەخیشبێت تاوەکو ئەوەی کە 300 ملیۆنی بەخشیبێت."
فەرهاد نموونەی کچێک دەگێڕێتەوە کە خۆی باوکی لە زیندانە. "ئەو کچە دەخیلەیەکی بچووکی هەبوو داینابوو جلوبەرگی نەورۆزی پێ بکڕێت، بەڵام هێنای و بەخشی بۆ رزگارکردنی ئەو گەنجە، هەوڵدەدەین هاوکاری بۆ ئەو کچەش کۆبکەینەوە."
لەبارەی وادە و کاتی رزگارکردنی فارووق یارەش گوتی، "بڕیارە تاوەکو هەفتەیەکی دیکە ئازاد بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ