رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شاری سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆت خوێندن کۆتایی هاتووە. بەڵام لە ئیدارەی گەرمیان و بەشێکی ئیدارەی راپەڕین بایکۆت بەردەوامە.
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بایکۆت لە سنوورەکەمان کۆتایی هات و دوێنێ لە تەواوی قوتابخانەکان دەوام ئاسایی بووە و وانە خوێندراوە".
هەر ئەمڕۆ فەرهاد قادر، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە تەواوی قوتابخانەکان دەوام ئاسایی بووەتەوە، ئەگەر بە دەگمەن مامۆستایەک بەردەوامبووبێ لە بایکۆت ئەوە دوای پشووی ئەم چەند رۆژە دەگەڕێتەوە".
ئیدارەی راپەڕین یەکێک بوو لەو ناوچانەی بایکۆتی تێدا بوو. یوسف جەلال بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەروەردەی ئیدارەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سەنتەری قەزای رانیە خوێندن ئاسایی بووەتەوە، بەڵام لە قەزای پشدەر هێشتا بایکۆت ماوە".
بە گوتەی یوسف جەلال، لە پشدەر قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێکی مامۆستایان نەگەڕاونەتەوە و بەردەوامن لە بایکۆت.
لە گەرمیان بایکۆت بەردەوامە. بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بایکۆت لە زۆرینەی قوتابخانەکەی سنووری پەروەردەی گەرمیان تاوەکو دوێنێ بەردەوام بووە.
عەدنان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، سێشەممەی رابردوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەردوامیی بایکۆت زیانی زۆر بە قوتابیان و دواڕۆژیان دەگەیێنێت؛ داواکارین حکومەت لە هەولێرەوە مامۆستایانی ناڕازی بانگ بکات و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان گوێ لە داواکانیان بگرێت، چونکە چ مامۆستا بێ یان قوتابی هەر کەسوکاری خۆمانن".
هەر ئەمڕۆ عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەنێو شاری سلێمانی دۆخی خوێندن ئاسایی بووەتەوە، بەڵام هێشتا لە دەروروبەری شار بایکۆت ماوە و کۆتایی نەهاتووە".
لە خوێندنی ساڵی 2024 – 2025، یەکەمجار لە 01-12-2024 بایکۆت لەو سنوورانە دەستیپێکرد و تەواوی مانگەکە بەردەوام بوو. دوای دابەشکردنی مووچەیەک، مامۆستایان بۆ تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەم گەڕانەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنەوەی دەوام لە 26-01-2025ـەوە بایکۆت دەستیپێکردەوە.
لە خوێندنی ساڵی 2023 – 2024دا، لەگەڵ دەستپێکی خوێندن لە 13-09-2023، لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی 2024 درێژەی کێشا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ