رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند، ئامانج لە رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق وەستانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانە. گوتیشی، رێککەوتنەکە بە نێوەندگیری ئەمریکا کراوە و گۆڕانکاری لە هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان دروست نابێت.
رۆژی 10ـی ئاداری 2025 رێککەوتنێکی هەشت خاڵی لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ، واژۆ کرا.
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە رایگەیاند: "رێککەوتنەکە مەبدەئییە، بە نێوندگیریی ئەمریکییەکان پێکهاتووە؛ ئەمریکا لایەنێکی چالاکە لە رێککەوتنەکەدا".
لەبارەی گۆڕانکاری هێز بە تایبەت لە رۆژئاوای کوردستان، فەرهاد شامی گوتی: "وەکو بڵێن هێز بنێردرێتە حەسەکە، شتی بەو جۆرە نییە و هیچ گۆڕانێک روونادات. پێدەچێت لە هێڵی سنووری ئێمە و تورکیادا ئەوان لە تەنەف خۆیان جێگیر بکەن، ئەویش ئەگەرێکە".
گوتەبێژی هەدەسە گوتیشی: "بابەتی زیندانییەکان لیژنەکان گفتوگۆی لەسەر دەکەن و هێشتا ناڕوونە حەوت یان هەشت لیژنە دەبن. بۆ نموونە لیژنەیەک کە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە هەیە، دۆسیەکانی لادەبێت، بابڵێین دۆسیەی پەروەردەیە، ئەو قوتابیانەی کوردی دەخوێنن ئەو بابەتانە. یان بڵێین دۆسیەی نەوت یانیش دۆسیەی هەسەدە؛ بابەتەکە درێژە و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ درێژتر دەبێتەوە".
لەبارەی دۆسیەی زیندانییەکان کە ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش دەستگیرکراون لە رۆژئاوای کوردستان، فەرهاد شامی دەڵێت: "بابەتی داعش هیچ گۆڕانێکی تێدا نابێت و هەر هەسەدە بەرپرسیاری دۆسیەی داعش دەبێت. وەکو رێککەوتنێکی مەبدەئییە و لیژنە دروست دەبێت؛ [کارەکانیان] چەند درێژ دەبنەوە ئێستا ناڕوونە".
گوتەبێژی هەسەدە ئامانجی کورد لە رێککەوتنەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت: "ئێستا تورکەکان چەند رۆژێکە هێزی گەورەیان هێناوەتە دەوروبەی قەرەقۆزاق، چەند رۆژێکیشە لە شێخ مەقسود [ناوچەی کوردنشینی حەلەب] کێشەی زۆر دروست بوون، ئامانجی سەرەکیمان وەستانی ئەو شەڕانەیە و گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی بۆ شوێنی خۆیان".
لەسەر گەڕانەوەی هاونیشتمانیانی ئاوارەبووی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، فەرهاد شامی گوتیشی: "بۆ گەڕانەوەی خەڵک هەندێک مەرج هەیە و گفتوگۆ دەکرێت، بەڵام ئەرێنییە و هەموو کەس دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".
دەقی رێککەوتنەکەی شەرع و عەبدی:
لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نێوان بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵوم عەبدی، لە رۆژی دووشەممە 10ی ئاداری 2025، ئەم خاڵانەی خوارەوەی رێککەوتنی لەسەرکرا:
1- گەرەنتی کردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.
2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سوریا گەرەنتی مافی هاووڵاتی بوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات.
3- راگرتنی شەڕ لەسەرجەم خاکی سووریا دا.
4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
5- گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و دابینکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.
6- پشتیوانی دەوڵەتی سوریا لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەن.
7- رەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و رق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریادا.
8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار دەکەن و هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێنەپەڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ