سەرۆک بارزانی: گەلی كوردستان لە خەبات و تێكۆشان بەردەوام دەبێت

11-03-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەرۆک بارزانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا رایگەیاند "گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە مافەكانی قوربانییەكی بێهەژماری داوە و لەڕێگەی چەسپاندنی دۆزە رەواكەیدا لە خەبات و تێكۆشانی خۆی بەردەوام دەبێت."
 
سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-3-2024) پەیامێکی بەبۆنەی 54ـەمین ساڵیادی رێککەوتننامەی 11ـی ئادار بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان کردەوە.
 
54 ساڵ لەمەوبەر، بەعسییەکان تازە هاتبوونە سەر کار و حکومەتی ناوەندی خوازیاری رێککەوتن بوو لەگەڵ  سەرکردیەتیی شۆڕش. رێبەرایەتی شۆڕشی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی و حکومەتی ناوەندیش بەسەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکری سەرۆککۆمار، گەیشتنە رێککەوتننامەی 11ـی ئازار. کورد لە چوارچێوەی عێراقدا، دانی پێدا نرا، بەڵام سنوورەکەی یەکلایی نەکرایەوە و هەڵگیرا بۆ کاتی راپرسی و سەرژمێری.
 
ئەم رێککەوتننامەیە کە بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول بوو، بۆ کورد پڕ بەها و مایەی خۆشحاڵی بوو، چونکە بۆ یەکەم جار لە مێژووی حکومڕانیی عێراق، لەژێر گوشاری پێشمەرگە و شۆڕشی کوردستان، داننرا بە مافە نەتەوەییەکانی.
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
رێككەوتننامەی یازدەی ئادار بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژەکانی كوردستان بوو لە بەرانبەر ستەم و زۆرداریی دەستەڵاتدارانی عێراق. بەرهەمی ئەو خەباتە تۆكمەیە بوو كە لەپێناو گەڕاندنەوەی ماف و مسۆگەركردنی دیموكراسی و شەراكەت و پێكەوەژیان دەستی پێكرد و حكومەتی ئەوكاتی عێراقی ناچار كرد دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت. 
 
لە پەنجا و چوارەمین ساڵیادی رێككەوتننامەی یازدەی ئاداردا جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و ئەوەش دووپات دەكەینەوە كە گەلی كوردستان بۆ گەیشتن بە مافەكانی قوربانییەكی بێهەژماری داوە و لەڕێگەی چەسپاندنی دۆزە رەواكەیدا لە خەبات و تێكۆشانی خۆی بەردەوام دەبێت.
 
مسعود بارزانی
11ی ئاداری 2024 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر

لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ تاوەکو دوای سەری ساڵ مامەڵەکانی هاونیشتمانییان رادەگیرێن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە مامەڵەکانی هاووڵاتییان رادەگرێت تاوەکو دەستپێکردنەوەی دەوام لە سەرەتای ساڵی نوێ.