کارەبای چەمچەماڵ: 42 هەزار پێوەری زیرەکمان بەستوون

11-03-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ رایگەیاند، لەکۆی نزیکەی 53 هەزار هاوبەشی کارەبا نزیکەی 42 هەزاریان پێوەری زیرەکییان بۆ دانراوە. دەشڵێت، نزیکەی 13 ملیار دینار پارەی قەرزی کارەبا لای هاوبەشانە.
 
ئەردەلان محەممەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ میوانی بەرنامەی مژاری رووداو بوو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم کەریم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات رایگەیاند، پشکی قەزاکە لە کارەبا بەگوێرەی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگۆڕێت، بەڵام بە تێکڕا لەنێوان 12 بۆ 13 کاژێر کارەبا دەدرێتە هاونیشتمانیان.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی مانگی رەمەزان، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکان، خشتەی پێدانی کارەبا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
 
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ دەڵێت، خشتەی کارەبای نیشتمانی و موەلیدەکان وا رێکخراوە کە لە پارشێودا کارەبا بدرێتە هاونیشتمانیان، هەروەها بۆ گوندەکانیش بەهۆی ئەوەی موەلیدەیان نییە لە مانگی رەمەزاندا لە کاژێر 3:30 کارەبایان پێدەدرێت. 
 
بەگوتەی ئەردەلان محەممەد، لە سنووری چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەکانی لە بەرزترین ئاستدا خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا دەگاتە 130 مێگاوات.
 
لەبارەی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە هەموو پۆلەکانی (ماڵان، بازرگانی، کشتوکاڵ و پیشەسازی) لەسنووری قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری ئاماژەی بەوەکرد، لەسنووری قەزای چەمچەماڵ نزیکەی 53 هەزار هاوبەشی کارەبا هەن، لەو ژمارەیە نزیکەی 42 هەزار پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا دانراوە.
 
چەند هاونیشتمانییەک لەرێگەی رووداوەوە گلەیی ئەوەیان کرد، "خەڵکانێک هەن دەستکاری پێوەری زیرەک دەکەن بەشێوەیەک هەموو بۆردەکەیان دەستکاری کردووە بەبێ ئەوەی ئاگاداربن، بەو هۆیەوە سزادراون."
 
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای چەمچەماڵ دەڵێت، هەرکەسێک دەستکاری پێوەری زیرەک بکات بەگوێرەی رێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2019ی وەزارەتی کارەبا، بەپێی خەمڵاندنی قەبارەی سەرپێچییەکەی و زیانەکەی سزا دەدرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
ئەردەلان محەممەد دەشڵێت، قەرزێکی زۆری کارەبا لای هاوبەشانی کارەبایە، نزیکەی 13 ملیار دینارە، کە بەشێکی قەرزەکان لەسەر فەرمانگە میرییەکانە، کەمترین قەرز لەسەر هاوبەشانی بازرگانی و کشتوکاڵی و پیشەسازییە.
 
لەبارەی پرۆژەکانی کەرتی کارەبا لە سنووری چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی رابردوودا دوو پرۆژەی گرنگ لە سنووری چەمچەماڵ جێبەجێکراون؛ ئەوانیش دانانی وێستگەی مۆبایلی 132 کەیڤی بۆ 11 کەیڤی لەنێو چەمچەماڵ، کە توانای دەرکردنی پێنج فیدەری بۆ چەمچەماڵ دەبێت، لەسەر بودجەی 8٪ی داهاتی کارەبا بووە.
 
هەروەها کۆمپانیای داناغاز، لەرێگەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە وێستگەیەکی 33kv بۆ 11kv لەناحیەی قادرکەرەم داناوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.