رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپرسییەک کە دامەزراوەی راما ئەیجێنسی کردوویەتی، رووداو پڕبینەرترین کەناڵی هەواڵییە لە هەرێمی کوردستان. هاوکات بەرنامەی 'لەگەڵ رەنج' پڕبینەرترین بەرنامەیە. بەڕێوەبەری دامەزراوەکە دەڵێت، "رووداو خەڵک هەڵیبژاردووە نەوەکو ئێمە."
لە رێوڕەسمێکدا کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 11-02-2025) لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، راما ئەیجێنسی، پڕبینەرترین کەناڵ و بەرنامەکانی لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد. لەو رێوڕەسمەدا تۆڕی میدیایی رووداو دوو خەڵاتی بەدەستهێنا.
رێبوار عوسمان، بەڕێوەبەری راما ئەیجێنسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رووداو شایانی خەڵاتەکان بووە. ئێمە پێماننەداون و ئەوە خەڵاتی بینەرانە بۆ رووداو، چونکە ئێمە تەنیا بۆچوونی بینەرەکانمان وەرگرتووە و گواستوومانەتەوە."
دامەزراوەی راما ئەیجێنسی ساڵانە دوو وەرز راپرسی دەکات و تێیدا 5 هەزار فۆڕم لە 13 شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان دابەش دەکات، لەسەر بنەمای وەڵامەکان، ریزبەندیی کەناڵەکان دیاری دەکەن.
بەڕێوەبەری راما ئەجێنسی گوتی "زۆر بێلایەنانە کارەکانمان دەکەین و لە پرسیارەکاندا ناوی کەناڵەکان ئاشکرا ناکەین، هەر لە فۆڕمەکەدا جێگەی ناوی کەناڵەکان نابێتەوە چونکە زۆرن. لە پرسیارەکەدا نووسیومانە: تۆ سەیری چ کەناڵێکی ناوخۆیی یان ئاسمانی دەکەیت؟ خەڵک خۆی نووسیویەتی رووداو، یان بە هەر کەناڵێکی دیکە لە بۆشاییەکەدا پڕیکردووەتەوە."
جگە لەوەی رووداو وەکو پڕبینەرترین کەناڵی هەواڵی دیاریکراوە، بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداویش بە پڕبینەترین بەرنامە هەڵبژێردراوە. ئامادەکاری بەرنامەکە دەڵێت "ئەرکمان قورستر دەبێت."
ئاسۆ سەراوی، ئامادەکاری بەرنامەی لەگەڵ رەنج گوتی "بە وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، بەرپرسیاریێتیمان زیاتر دەبێت. رووداو و بەرنامەی لەگەڵ رەنجیش ئەوە یەکەمجار نییە خەڵات دەکرێن."
ئاسۆ سەراوی ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو متمانەیەی خەڵک بە بەرنامەی لەگەڵ رەنج هەیەتی، لە داهاتوودا هەموو هەوڵێک دەدەن بەشێوەیەکی وردتر و باشتر خزمەتی بینەرانی بەرنامەکە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ