پۆلیسی هەولێر عەلی حەمەساڵح تۆمەتبار دەکات و ئەویش وەڵام دەداتەوە

11-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، عەلی حەمەساڵح ڤیدیۆی هێزە ئەمنییەکانی تۆمارکردووە و بۆ ئەو پلاتفۆڕمانەی ناردووە کە "دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانن". پەرلەمانتارەکەش دەڵێت، ڤیدیۆی بە ئاشکرا تۆمار کردووە و لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ (سێشەممە، 11-02-2025) لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "لە هەندێک لە پلاتفۆڕمەکانی نەیاری قەوارەی هەرێمی کوردستان، بۆ چەواشەکاری و هاندانی خەڵک و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی نادروست بڵاوکراونەوە، بۆیە پۆلیس بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هەولێر بەدواداچوونیان دەستپێکرد و گەیشتنە ئەنجام." 
 
لەبارەی ئەنجامەکەوە پۆلیسی هەولێر دەڵێت "هەندێک لەوانەی هانی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایەیان دەدا دەستنیشانکران و، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە یەکێک لەو کەسانە بەناوی ئادەم عوسمان سلێمان دەستگیر کرا، کە رۆژی 09-02-2025 شۆفێریی بۆ عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان دەکرد. لەو کاتەشدا پەرلەمانتاری ناوبراو سەرقاڵی وێنە و ڤیدیۆگرتنی چەند شوێنێک بوو کە لەو پلاتفۆڕمە ئاماژەپێکراوانەی بڵاوبوونەتەوە." 
 
ئەو کەسەی پۆلیس دەستگیری کردووە، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە پۆلیس وەکو دانپێدانان بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "عەلی حەمەساڵح پەیوەندی پێوەکردم و لەوێوە چووینە بەردەم یوئێن {نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر}، کە خۆم شۆفێریم دەکرد و ئۆتۆمبێلەکەش هی من بوو، لەوێوەوە ڤیدیۆی شوێنەکەی گرت، دواتر چووینە بەردەم پەرلەمان و لەوێش ڤیدیۆی شوێنەکەی تۆمارکرد، دواتر نازانم ڤیدیۆی بۆ کوێ ناردووە. دوای ئەوە چووینە بازگەی دێگەڵە، لەوێ سەیرمان کرد ڤیدیۆکان لە (سابرین نیوز) بڵاوبوونەتەوە." 
 
لەبەرامبەردا عەلی حەمەساڵح رایگەیاند، ئادەم عوسمان یەکێک بووە لەو سێ پاسەوانەی وەکو پەرلەمانتار تاوەکو ساڵی 2022 لەگەڵیدا بوون. گوتیشی "ئەو رۆژەی بڕیاربوو مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ داواکردنی مووچە لە سلێمانییەوە بێنە هەولێر، ئەو هاوڕێیەی من کە ناوی ئادەمە، تەلەفۆنی کرد و گوتی: حەزناکەم بەتەنیا بیت. ئۆتۆمبێلەکەی خۆشم کێشەی هەبوو، هات بەدوامدا و چووینە بەردەم یوئێن و ئەنجوومەنی وەزیران و خۆم ڤیدیۆم کردووە و بڵاومکردووەتەوە."
 
عەلی حەمەساڵح گوتی "من، ڤیدیۆم بە ئاشکرا لە فەیسبووکی خۆم بڵاوکردووەتەوە، جا سایتی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی هەرکەس وەریگرتبێت {پەیوەندی بە منەوە نییە}. ئێستا پێیانوایە دانپێدانانێکی گەورەیان دەستکەوتووە، کە عەلی ڤیدیۆی سەر شەقامی گرتووە، ئەوە چی قەدەخەیەکی تێدایە؟"
 
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان کە هاوکات بڕیاردەری رەوتی هەڵوێستە، دەڵێت "ڤیدیۆی شەقامم گرت و هێزێکی زۆری سەربازیی و مەدەنی هاتبوون، دواتر چووینە دێگەڵە و کاک ئادەم لەگەڵ من بوو، هاوکارم بووە، نە خۆپیشاندەر بووە نە هیچی دیکە." 
 
عەلی حەمەساڵح لە قسەکانیدا کە لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە پەیجی خۆی بڵاویکردووەتەوە، دەشڵێت "دەستگیرکردنی ئادەم عوسمان بۆ ئەوەیە؛ کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕەوای بدەنە پاڵ، ئەمە یاساشکێنییەکی زۆر روونە. ئەو لەگەڵ مندا هاتووە، من دەپرسم، بەرپرسانی پارتی و یەکێتی خۆیان سەتان پاسەوانیان هەیە، من یەک پاسەوانیشم نییە، هاوڕێیەکم هاوکاریم بکات و بۆ شۆفێری لەگەڵمدا بێت، دەبێت دواتر دەستگیری بکەن؟" 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 پێشانگەی گوڵ و باخچە. وێنەکە کۆنە و پێشانگەی پارە

لە هەولێر چوارەمین پێشانگەی گوڵ و باخچە بە بەشداریی 30 کۆمپانیا بەڕێوەدەچێت

بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، چوارەمین پێشانگەی گوڵ و باخچە لە هەولێر دەکرێتەوە، کە زیاتر لە 30 کۆمپانیا، نەمامگە و فەرمانگەی حکومی تێیدا بەشدار دەبن، درەخت و گوڵی جیاواز نمایش دەکرێت و هەندێکیان نرخیان دەگاتە 10 هەزار دۆلار.