رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبردن و پاراستنی باخچە حکومییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەدرێنە کۆمپانیایەک. لێپرسراوی باخچەکانی سنوورەکە دەڵێت، کۆمپانیاکە باخەوان، تانکەری ئاو و بارهەڵگر بۆ پاراستنی باخچەکان دابین دەکات.
نیهاد وهلی، لێپرسراوی بهشی باخچهكانی گەرمیان ئەمڕۆ سێشەممە، 11-02-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکەمجارە بەڕێوەبردنی پارک و باخچەکان دەدرێتە کەرتی تایبەت. کۆمپانیایەک لە رێگەی 146 باخەوان و ژمارەیەک بارهەڵگر و تانکەری ئاوەوە باخچەکانی گەرمیان دەپارێزێت".
جگە لە کەلار کە شارەوانییەکەی سەربەخۆیە، لە سنووری شارەوانییەکانی ئیدارەی گەرمیان 172 باخچە، 3 پارک، 176 کیلۆمەتر سەوزایی دوورگەی ناوەندیی شەقامەکان و 25 هەزار و 863 دار هەن و پاراستنیان لە ئەستۆی کۆمپانیاکە دەبێت.
لە ساڵی 2013ـەوە باخەوان بۆ باخچەکانی گەرمیان دانەمەزراوە. نیهاد وەلی دەڵێت: "گریبەستەکە بۆ ماوەی سێ ساڵە، لەو ماوەیەدا هەر دارێکیش زیانی بەرکەوێت چاککردنەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیاکەدایە".
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان واژۆی رەزامەندی لەسەر گرێبەستی کارکردنی کۆمپانیاکە کردووە و بڕیارە لە 01-03-2025ـەوە دەستبەکار ببن.
جگە لە خزمەتکردنی دار و سەوزایی لە گەرمیان، چاککردنەوەی کورسی و کەرەستەکانی نێو باخچە و پارکەکانیش لە ئەستۆی کۆمپانیاکەدا دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ