پەرلەمانى کوردستان لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى دوو وەزارەت وەڵامی دادگەى فیدراڵى دەداتەوە

11-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانى کوردستان وەڵامنامەى دژ بە سکاڵاکانى هەڵوەشاندنەوەى دوو وەزارەتى هەرێمى کوردستان ئاڕاستەى دادگەى باڵاى فیدراڵى دەکات. بەپرسێکى یاسایی پەرلەمان دەڵێت: "دانیشتنى دادگە لەبارەى ئەو دوو سکاڵایە بەبێ دادبینى دەبێت."
 
ئەو چوار سکاڵایە ئەمڕۆ سێشەممە، 11ى شوباتی 2025، تاوتوێ دەکرێن. پێشتر دوو لەو سکاڵایانە لە 23ى کانوونى یەکەمى 2024 و دووەکەى دیکەیان لە 28ى کانوونى دووەمى 2025 دواخرابوون.
 
دوو لە سکاڵاکان لەلایەن کەسێکەوە بەناوى خالید مستەفا حوسێن تۆمارکراون و تێیدا داواى هەڵوەشاندنەوەى هەردوو وەزارەتى شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و ئەوقاف و کاروبارى ئایینى هەرێمى کوردستان کراوە.
 
لە یەکێک لە سکاڵاکاندا داواکراوە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى هەڵبوەشێندرێتەوە، بەوپێیەى دژى پێنج مادەى دەستوورى عێراقە و لە برى ئەو وەزارەتە، وەقف دروست بکرێن، کە لە رووى کارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆ بن و ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە.
 
یاساى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینیى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان دەرکراوە، سکاڵاکار داوا دەکات ئەو یاسایە بە نادەستوورى هەژمار بکرێت، پەرلەمان ناچار بکرێت دیوان بۆ ئایین و مەزهەبە جیاوازەکان پێکبهێنێت و ببەسترێنەوە بە ئەنجوومەنى وەزیرانەوە. 
 
سکاڵاکەى دیکە داوا دەکات دادگەى باڵاى فیدراڵى، وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى بزانێت، کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 8ى ساڵى 2006 پێکهێنراوە. پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێن دەستەیەک بە ناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنن، کە سەر بە ئەنجوومەنى وەزیران بێت و لە رووى دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆ بێت و یاسایەکى بۆ دەربکرێت. 
 
لەو سکاڵایەدا داوا کراوە کە وشەى 'ئەنفالکراوان' لەو دەستەیە یان وەزارەتەکەى ئێستا لابدرێت، بەو پێیەى بەگوێرەى سکاڵاکە "وشەکە لە قورئاندا هاتووە و پێچەوانەى حوکمەکانى ئایینى ئیسلامە."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ى شوبانى 2025، شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دانیشتنەکە بەبێ دادبینى دەبێت و وەڵامنامەیان ئاراستەى دادگە کردووە لە بارەى ئەوەى ئەو دوو سکاڵایە "یاسایى نین" و پێکهێنانى دوو وەزارەتەکە پاڵپشتى یاساییان هەیە. 
 
یەکێک لە سکاڵاکانى دیکە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەى مەرجێکى فرەژنى، کە لە هەموارێکى یاساى بارى کەسى لە پەرلەمانى کوردستان کراوە. کە وەرگرتنى رەزامەندى ژنى یەکەمە بۆ ئەوەى ژنى دووەم بهێنرێت.
 
بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان گوتى: "چاوەڕوان دەکرێت ئەو سکاڵایە رەتبکرێتەوە لەبەرئەوەى پێشتر لە 2022 دادگەى باڵاى فیدڕاڵى بڕیارى لەبارى ئەو پرسەوە دەکردووە."
   
سکاڵاکە لەلایەن هاونیشتمانییەک تۆمارکراوە کە خۆى بە "زەرەرمەند" دەزانێت لە هەموارکردنەوەی یاساکە و داواى کردووە ئەو هەموارە هەڵبوەشێنرێتەوە.
 
رۆژی 30 تشرینی دووەمی 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیاری دا بڕگەیەک لەو هەموارە هەڵبوەشێنێتەوە کە لە پەرلەمانى کوردستان کراوە، بەوەى هێنانى ژنى دووەم نەبێتە پاساو بۆ ژنى یەکەم بۆ ئەوەى داواى جیابوونەوە بکات.
 
سکاڵاى چوارەم لە دژى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى ناوخۆ تۆمارکراوە، کە تایبەتە بە پێبژاردنى سەرپێچییەکانى هاتووچۆ و پارەى پشکنینى ئۆتۆمبێل و پێبژاردنى تیژڕۆیی. 
 
لەو سکاڵایەدا داوا کراوە سەرپشککردنى وەزیرى ناوخۆ بە زیادکردن یان کەمکردنەوەى رسوومات و پێبژاردنى هاتووچۆ بەگوێرەى فەرمانى ژمارە 86 دەسەڵاتى ئیئتلاف لە 2004 بە نادەستوورى بناسێنێت. 
 
هەروەها سکاڵاکار داواى کردووە ئەو رسووماتە هەڵبوەشێنرێتەوە، کە هاووڵاتیان لە هەرێمى کوردستان دەیدەنە کۆمپانیاکانى مەرجى تووندوتۆڵى، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەى ئەو پێبژاردنانەى تیژڕۆیی ئۆتۆمبێل، کە لەسەر رێگەیەکى دیاریکراو و لە یەک رۆژدا دووبارە ببێتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد.

لە دهۆک بەڵگەفیلمی 'هەڵۆی بادینان' نمایش دەکرێت

تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد کە باس لە ژیان و خەباتی پێشمەرگەیەکی شەهید دەکات؛ بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ''گەلی کوردستان قەرزداری بوێری و گیانفیدایی شەهیدانن''.