زۆرینەی مامۆستایانی گرێبەست نەیانتوانی مووچە وەربگرن؛ کەی مووچە وەردەگرن؟

11-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئەمڕۆ مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، جگە لە پارێزگای دهۆک، لە زۆرینەی سێ پارێزگاکەی دیکە دابەش نەکراوە. نوێنەرەکانیان دەڵێن، سبەی دابەش دەکرێت.
 
رۆژی 06-02-2025 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سێشەممە 11ی شوبات مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت."
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کێشەی هونەری هەبووە، چەند پەروەردەیەک لە سنووری سلێمانی و هەولێریش مووچەی مامۆستایانی گرێبەستیان دابەشکرد، بەڵام زۆرینە ماوە."
 
ئەو نوێنەرەی مامۆستایان کە بەدواداچوونی بۆ مووچەی مامۆستایانی گرێبەست کردووە گوتیشی، "هیچ کێشەیەکی گەورە نییە، پارە هەیە و سبەی مووچەکە دابەش دەکرێت."
 
هەر ئەمڕۆ عەلی رەئووف، یەکێکی دیکە لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو پەروەردەکانی دهۆک ئەمڕۆ مووچەیان دابەشکرد، لە رواندز و چەند ناوچەیەکی پارێزگای هەولێریش مووچە دابەشکرا، بەڵام زۆرینەی ئەو پارێزگایە ماون."
 
ئەو نوێنەرەش جەختی کردەوە، "سبەی ئەو مامۆستایانەی مووچەیان وەرنەگرتووە، وەریدەگرن."
 
ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست 37 هەزار و 933 مامۆستان و مانگانە سەرجەمیان پێویستیان بە نزیکەی 20 ملیار دینارە. بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، پارەکەیان لە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
 
مامۆستایانی گرێبەست هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی 11یان لەگەڵ دامەزراواندا وەرگرت.
 
مامۆستایانی گرێبەست پێشتر وانەبێژ بوون و 25ی ئابی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بکرێنە گرێبەست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە