رووداو دیجیتاڵ
مانگرتنی فەرمانبەران و مامۆستایان لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ گەیشتە 15 رۆژ. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، سێ رۆژە خەڵک داوای شکاندنی مانگرتن دەکات و مانگران رەتیدەکەنەوە.
عوسمان گوڵپی، گوتەبێژی مانگرتووانی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە، 11-02-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکان دۆخی مانگران خراپە، بەشێکیان گورچیلەکانیان ئاوساون و گرفتی تەندروستییان بۆ دروستبووە".
لە 28ـی مانگی رابردووەوە ژمارەیەک فەرمانبەر لە سلێمانی مانیان گرت. عوسمان گوڵپی دەڵێت: "هەموو مانگران بەهۆی بەردەوامییەوە کاریگەری تەواو لەسەر جەستەیان دروستبووە، پزیشک داوای شکاندنی مانگرتنیان لێدەکات بەڵام رەتیدەکەنەوە".
بەگوتەی گوتەبێژەکەیان، لە سێ رۆژی رابردوودا هەر کەسێک لە هاونیشتمانیان و بەرپرسانی حیزبی و حکومیی سەردانی کردوون داوای شکاندنی مانگرتنیان لێکردوون، بەڵام ئەوان دەڵێن تاوەکو داواکانیان جێبەجێ نەکرێت بەردەوام دەبن.
داواکاری سەرەکیی مانگرتووانی سلێمانی ئەوەیە کە مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچە دابەشبکرێت، هەروەها بەجێکردنی مووچەکانیان و گەڕانەوەی پلەبەرزکردنەوەش بەشێکی دیکەی داواکانیانە.
عوسمان گوڵپی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە دەزانین پەیامەکە گەیشتووە و هەمووان لێی تێگەیشتوون، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ لایەنی پەیوەندیدار بە فەرمی وەڵامی نەداوەتەوە".
07ـی ئەم مانگە، دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی سەردانی مانگرتووانی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە ئەمڕۆوە قۆناخێکی دیکەی تەندروستییان دەستپێدەکات و کێشی لەشیان دادەبەزێت و هەموو ئۆرگانەکانی جەستەیان روو لە لاواز بوون دەکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ