رووداو دیجیتاڵ
لە پێش دەرگەی ماڵان لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک، ئۆتۆمبێلی پۆلیس راگیراوە و لەنێو ماڵەکانیش ئۆتۆمبێلی سەربازیی سوپای عێڕاق جێگیرکراون.
یەکێک لەو گەنجانەی لە 2ی ئەم مانگە، لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیرکرا و ئازار و ئەشکەنجە درا دەڵێت، "سوپای عێراق نیازی کشانەوەی نییە".
ئارام عەبدولسەبوور، دانیشتووی گەڕەکی نەورۆز رایگەیاند، "تاوەکو ئەم ساتە سوپا نەکشاوەتەوە، هەمەڕەکانیان رۆیشتوون، بەڵام ئۆتۆمبێلی دیکەیان هێناوە و لەنێو خانووەکان دانراون و پۆلیسیش بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو هێزە لە پێش دەرگەکان ئۆتۆمبێلیان راگرتووە، چاوەڕێ دەکەن لە دەرفەتێکدا وەکو 2ی ئەم مانگە هێرش بکەنەوە و دەستبکەن بەلێدانی خەڵک و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و خانووی کوردی ئەم گەڕەکە".
مانگرتووانی گەڕەکی نەورۆز خێوەتیان هەڵداوە و لێی دەمێننەوە و پێکەوە بڕیاری هاوبەش دەدەن، بەیەک دەنگی رەتیانکردەوە بچنە تەلاری پارێزگە و لەگەڵ لیژنەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببنەوە، لەجیاتیدا سووربوونی خۆیان لەسەر درێژەدان بە مانگرتن راگەیاند.
فەخرەدین ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزە و دەڵێت، "نوێنەرەکەی بەغدا بە کوردییەکەی خۆمان گوتی، من ئاغا و تۆ ئاغا نابێت، وەرن با دانیشتن و چارەسەری ئەم کێشەیە بکەین، من دەزانم لەسەر بنەمای ئەو قسەیە کۆبوونەوە لەگەڵ ئێمە دەکات بۆیە رەتمانکردەوە و نەچووینە لای، دۆخی گەڕەکەکە هیچی لێنەگۆڕاوە و هەر وەکو خۆیەتی، سوپا لەنێو خانووەکان و پۆلیسیش لەنێوان ئێمە و ئەواندایە".
ئۆتۆمبێلی سوپا و پۆلیس هەموو سەر کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکەی تەنیوە و تاوەکو ئێستا بڕیارێکی روونی حکومەتی عێراق نییە تاوەکو هێزەکان لەو گەڕەکە بکشێنرێنەوە و کێشەی خانووەکان چارەسەر بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ