رووداو دیجیتاڵ
لە پردی قەرەقۆزاخ و پردی تشرین، لە سنووری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، شەڕ لەنێوان هەسەدە و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستیپێکردووە. "گوندی جەدعە بۆردوومان کرا و دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا."
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 10-12-2024، شەڕێکی سەخت لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپەکانی سوپای نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستیپێکرد.
ستێر چەلۆ، چالاکڤان و رۆژنامەڤان لە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانەوە میوانی بووڵتەنی کاژێر21:00ـی ئەمشەی رووداو بوو کە دلبخوین دارا پێشکێشی کرد و گوتی: "دوو رۆژە لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ شەڕە، گرووپەکان دەیانەوێ کۆنترۆڵیان بکەن، چونکە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ بۆ کۆبانێ ستراتیژین، بۆیە گرووپەکان دەیانەوێ بیانگرن."
دوای دەستپێکردنی شەڕەکەی ئەمڕۆ، کارەبای کانتۆنی فورات بڕاوە، چونکە بەنداوی تشرین کارەباکەی بەرهەم دەهێنێت.
بە گوتەی ستێر چەلۆ، لە سێ قۆڵەوە هێرش بۆ گرتنی بەنداوەکە کراوە و "تورکیاش لە ئاسمانەوە پاڵپشتیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کردووە."
ستێر چەلۆ گوتی: "گوندی جەعدە لە نزیک پردی قەرەقۆزاخ لە رووباری فورات تۆپباران کراوە، دوو منداڵ کوژراون و دووی دیکە بریندارن و ئێستا لە کۆبانێ چارەسەر دەکرێن."
لە شەڕەکەی ئەمڕۆدا، سێ ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە بەنداوی تشرین پەڕیونەتەوە، بەڵام بە گوتەی ستێر چەلۆ، هەرسێکیان لەلایەن هەسەدەوە تێکشکێنراون "ئێستا گرووپە چەکدارەکان زیاتر لە کیلۆمەترێک لە رۆژئاوای رووباری فورات کشاونەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ