10-11-2020
14:07
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی ئاراستەی ماڵباتی قادر حاجی عەلی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان کرد و هاوخەمی خۆی بۆ لەدەستدانی دەربڕی.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەکەدا دەڵێت "بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەری ناسراو و کەسایەتیی دیاری سلێمانی (قادری حاجی عەلی بەگ)م بیست. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەیان دەکەم و هاوخەمیانم. "
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 10-11-2020، ماڵباتەکەی هەواڵی کۆچی دوایی قادر حاجی عەلی-یان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.
دەقی پرسەنامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
پرسهنامهیهک له سهرۆکی ههرێمی کوردستانهوه
بە داخەوە هەواڵی کۆچی دواییی تێکۆشەری ناسراو و کەسایەتیی دیاری سلێمانی (قادری حاجی عەلی بەگ)م بیست. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەیان دەکەم و هاوخەمیانم.
خوای مەزن گیانی کۆچکردوو بخاته بهر بهزهیی و میهرهبانیی خۆی و سەبووری و ئارامییش بە بنهماڵه و دۆست و هاوڕێیانی ببەخشێت.
نێچیرڤان بارزانی
سهرۆکی ههرێمی کوردستان
٢٠٢٠/١١/١٠
زیاتر بخوێنەوە
13:27
سەرۆکایەتیی یەکێتی: لەدەستدانی قادر حاجی عەلی خەمێكی قووڵ و داخێكی سەختە
سەرۆکایەتیی یەکێتی: لەدەستدانی قادر حاجی عەلی خەمێكی قووڵ و داخێكی سەختە
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسەنامەیەکیان ئاراستەی ماڵباتی قادر حاجی عەلی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی گۆڕان کرد و رایگەیاند، "لەدەستدانی كاك قادری حاجی عەلی، مرۆڤێكی نیشتمانپەروەر و سەركردە و پێشمەرگەی دێرینی شۆڕشی نوێ و ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتی و یەكێك لەدامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان، خەمێكی قووڵ و داخێكی سەختە."
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پرسەنامەکەدا ئاماژە بەوە دەدەن "كاك قادری حاجی عەلی بەشی زۆری تەمەن و گەنجێتی لەناو شۆڕشی نوێ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەی تەرخانكرد. رۆڵی بەرچاو و گرنگی هەبوو لەو ئەرك و بەرپرسیاریەتیانەی پێی سپێردرابوو. "
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەداخ و كەسەرێكی زۆرەوە، بەهۆی ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆنا، هەڤاڵ قادری حاجی عەلی، سەركردە و سیاسەتمەدار و تێكۆشەرێكی دێرینی كوردایەتی بۆ هەتاهەتایە بەجێهیشتین.
كۆچی دوایی كاك قادری حاجی عەلی، مرۆڤێكی نیشتمانپەروەر و سەركردە و پێشمەرگەی دێرینی شۆڕشی نوێ و ئەندامی پێشووتری مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكێك لەدامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، خەمێكی قووڵ و داخێكی سەختە.
كاك قادری حاجی عەلی بەشی زۆری تەمەن و گەنجێتی لەناو شۆڕشی نوێ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و خەبات بۆ بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەی تەرخانكرد. رۆڵی بەرچاو و گرنگی هەبوو لەو ئەرك و بەرپرسیاریەتیانەی پێی سپێردرابوو.
كاك قادری حاجی عەلی، كە رۆڵەی خانەوادە و بنەماڵەیەكی خاوەن پێگە و تێكۆشەری شاری سلێمانی بوو، بەشی زۆری تەمەنی خۆی، بۆ ئازادی و سەرفرازی گەلە ستەمدیدەكەی تەرخانكرد، بەم هۆیەشەوە خانەوادە و كەسوكاریشی تووشی نەهامەتی و ستەمی زۆر بوونەوە، بەڵام هەر وەك خانەوادەیەكی تێكۆشەر و قوربانیدەر بەسەربەرزانە درێژەیان بەخەبات دا.
بۆ ئەم خەمە، پرسە و سەرەخۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاراستەی كەسوكارو خانەوادەی سەربەرزی قادری حاجی عەلی و هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەران و تێکۆشەرانی یەکێتیی دەكەین، خۆمان بەهاوبەشی خەم و پرسەی هەموولایەك دەزانین. یەزدانی مەزن دڵنەوایی هەموولایەك بداتەوەو رۆحی كاك قادریش بۆ هەمیشە شادبكات.
یاد و بیرەوەری پڕ لەسەروەری كاك قادری حاجی عەلی هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە. سڵاو لەڕۆحی پاكی.
سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
13:06
بەرهەم ساڵح: جێگەی قادر حاجی عەلی بە ئاسانی پڕنابێتەوە
بەرهەم ساڵح: جێگەی قادر حاجی عەلی بە ئاسانی پڕنابێتەوە
سەرۆککۆماری عێراق لە پەیامێکدا پرسەنامەی خۆی ئاراستەی ماڵباتی قادر حاجی عەلی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و دەڵێت "کۆچی دوایی کاک قادر خهسارهتێکی گهورەیه و جێگهی بهئاسانی پڕ نابێتهوه."
ئەمڕۆ سێشەممە 10-11-2020، لەلایەن ماڵباتەکەیەوە هەواڵی کۆچی دوایی قادر حاجی عەلی بە کۆرۆنا راگەیێندرا، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە پرسەنامەکەدا دەڵێت "کاک قادر جگه لهوهی رۆڵهیهکی ناسراو و ههڵکەوتووی خانهوادهیهکی شۆڕشگێری سلێمانی بوو، سهرکردهیهکی دیار و پێشمهرگهیهکی نهبهردی رۆژانی شۆڕش بوو رۆڵی لهخهباتی کوردایهتیدا بهرچاوه، ئهم رۆڵهشی ههروا بهدیاری دەمێنێتەوە."
دەقی پرسەنامەکەی بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق
بۆ بنهماڵهی خوالێخۆشبوو قادر حاجی عهلی:
بهداخێکی زۆرهوه ههواڵی کۆچی دوایی هاوڕێ و تێکۆشهر و یهکێک له سهرکردهکانی شۆڕش و کەسایەتی ناسراوی سلێمانی و تەواوی کوردستانم پێگهیشت.
کاک قادر جگه لهوهی رۆڵهیهکی ناسراو و ههڵکەوتووی خانهوادهیهکی شۆڕشگێری سلێمانی بوو، سهرکردهیهکی دیار و پێشمهرگهیهکی نهبهردی رۆژانی شۆڕش بوو رۆڵی لهخهباتی کوردایهتیدا بهرچاوه، ئهم رۆڵهشی ههروا بهدیاری دەمێنێتەوە. بۆیه کۆچی دوایی کاک قادر خهسارهتێکی گهوریه و جێگهی بهئاسانی پڕ نابێتهوه.
بهم بۆنه خهمناکهوه، وێرای دهربڕینی پرسه و هاوخهمی خۆم بۆ بنهماڵه و کهسوکار و هاورێکانی، داوا لهیهزدانی مهزن دهکهم به بهههشتی بهرینی شاد بکات و سهبووری و دڵنهوایش بهههموو لایهک بدات.
انا لله و انا الیه راجعون
د. بەرهەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق
٢٠٢٠/١١/١٠
زیاتر بخوێنەوە
09:49
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە قادر حاجی عەلی یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە.
ماڵباتی قادر حاجی عەلی لە راگەیێندراوێکدا هەواڵی کۆچی دواییان راگەیاند و دەڵێن "بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی مەرگی ناوەختی سەركردە و سوارچاكی شۆڕش و ورەو بەرەنگاربوونەوەی نادادی بەڕێز (قادر حاجی عەلی) رادەگەیێنین، كە دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ماڵباتەکەی ئاماژە بەوە دەدەن "گیان لەدەستدانی كاك قادر حاجی عەلی وەك سەركردەیەكی خۆنەویست و خۆشەویست و جێی متمانە و ئومێدی خەڵك و پشتیوانی ستەملێكراوان، سەركردەی دیار و سەربەخۆی گەلەكەمان، ئەسەف و خەسارەتێكی گەورەیە بۆ هەمووان."
بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 12:00ی شەوی رابردوو، قادر حاجی عەلی کۆچی دوایی کردووە و دەشڵێت "10 رۆژە پزیشکەکان بێهیوایان کردووین لە مانەوەی قادر حاجی عەلی لە ژیان، بەڵام هاوژینەکەی رێگەی نەدەدا ئۆکسجینەکەی لەسەر لابدرێ."
قادر حاجی عەلی یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام وازی لە بزووتنەوەکە هێنابوو و لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان بەوە دەدات کە، لە ئەدای بزووتنەوەکەیان نیگەرانن.
تووشبوونی ئەو ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان بە کۆرۆنا لەکاتێکدایە، بەرپرسانى تەندروستیى سلێمانى هۆشیاری دەدەن لە تەشەنەسەندنى زیاترى پەتای کۆڤید-19 لەو پارێزگایە.
قادر حاجی عەلی
- لە ساڵی 1955 لە سلێمانی لەدایکبووە
- کۆلێژی جیۆلۆجی تەواوکردووە
- ساڵی 1980 چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە
- لە تەمەنی 28 ساڵی بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجەدەرانی کوردستان
- ساڵی 1994 دەزگای زانیاریی یەکێتی دامەزراندووە
- ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە
- ساڵانی 1998 بۆ 2000 کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە
- ساڵی 2009 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی بزووتنەوەی گۆڕانیان دامەزراند
- دوای مردنی نەوشیروان مستەفا لە بزووتنەوەی گۆڕان دەکشێتەوە