گالەری

10-11-2017
16 Photos
سەرتیپ عوسمان

رووداو - سلێمانی 

رۆژی هەینی 10-11-2017  چلەی ماتەمینی مام جەلال لە گردی دەباشانی سلێمانی بەڕێوەچوو. لە چلەکەدا هیچ مەراسیمێکی فەرمی و وتارێکی سیاسیی پێشەکەشنەکرا، بەڵکو تەنیا لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانی و سەرکردەکانی یەکێتی و ئەو هاونیشتمانییانەی بەشداری چلەکەیان کرد، چەپکەگوڵ لەسەر ئارامگەکەی دانرا.

ئەمڕۆ 40 رۆژ بەسەر کۆچی دوایی مام جەلال، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێپەڕی. مام جەلال کاژێر 03:00 ی دوانیوەڕۆی سێشەممە 3ی ئۆکتۆبەر لە نەخۆشخانەی شاریتەی بەرلین کۆچی دوایی کرد، سێ رۆژ دواتر لە 6-10-2017 دا تەرمەکەی گەڕێندرایەوە کوردستان و لە گردی دەباشان لە سلێمانی بەخاکسپێردرا.

جەلال تاڵەبانی لە شەشەمین ساڵی سەرۆکایەتیکردنی کۆماری عێراقدا بوو، لە 17-12-2012 دوای كۆبوونەوەیەكی دوو كاژێری لەگەڵ نووری مالیكی تووشی "جەڵتەی مێشك" بوو و گەیێندرایە نەخۆشخانەی مەدینە توب لە بەغدا. دوای ئەنجامدانی چەند پشكنینێك، دوای سێ رۆژ مانەوە سەرلەبەیانی رۆژی 20-12-2012 بە چاودێری تیمێكی پزیشكی تایبەت بەمەبەستی چارەسەر بەرەو ئەڵمانیا بەڕێكرا.

دوای وەرگرتنی چارەسەر، رۆژی 19/7/2014 مام جەلال بە فڕۆکەیەکی ئامبوڵانسی تایبەت گەڕایەوە سلێمانی. بەر لە نەخۆشکەوتنی مام جەلال ویستوویەتی دەست لە سیاسەت هەڵبگرێت و دەست بە نووسین بکات. هەر لە سەرەتای نەخۆشکەوتنیشییەوە تیمێکی پزیشکی ئەڵمانی بەردەوام چاودێرییان دەکرد، بەڵام ئەوە نەبووە هۆکارێک بۆئەوەی تاڵەبانی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نێو کایەی سیاسی. 

ژیاننامەی مام جەلال:

- جەلال حیسامەددین نوورەڵڵا تاڵەبانی، کوڕی خەدیجە و ناسراو بە مام جەلال، لە ساڵی 1933 لە گوندی کەلکان لە بناری چیای کۆسرەت لەدایکبووە. 

- ساڵی 1959 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە و لە کاری سیاسیش بەردەوام بووە. 

- مام جەلال لە نێوەڕاستی ساڵی 1970 لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت.

- لە دەستپێکی شۆڕشی کوردستاندا لە ساڵی 1961، کە دواتر بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا، رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە. 

- لە ساڵانی دواتریشدا رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و پێشمەرگە بووە، هەروەها کەسێکی نزیکی مەلا مستەفا بارزانی بووە. 

- لە نیوەی دووەمی ساڵانی شەستی سەدەی رابردوودا ناکۆکیی لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولدا هەبووە، ئەوانەی لەگەڵ ئەودا هاوبیربوون لە مێژووی کوردستاندا بە باڵی جەلالی دەناسرێن.

- دوای رێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1971، مام جەلال بۆ نوێنەرایەتیکردنی شۆڕشی کوردستان بۆ ماوەیەک چووە بەیرووت. 

- ساڵی 1976 لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەزراند و بووە سکرتێری گشتی ئەو حیزبە. 

- بەدرێژایی کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتا و هەشتای سەدەی رابردوو رۆڵێکی سەرەکی لە شۆڕشی کوردستاندا گێڕاوە. 

- لە نیوەی یەکەمی ساڵانی هەشتادا لە چوارچێوەی دانوستاندندا لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتەی عێراق، چاوی بە سەددام حوسێن، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق کەوت، بەڵام دانوستاندنەکان ئەنجامیان نەبوو. 

- ساڵی 1986 لەگەڵ ئیدریس بارزانی رۆڵی سەرەکییان لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی گێڕا و لە شاری تاران رێککەوتنێکیان بۆ ئەو مەبەستە واژۆکرد. 

- لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان جارێکی دیکە لە چوارچێوەی شاندی بەرەی کوردستانیدا لە بەغدا چاوی بە سەددام حوسێن کەوتەوە، بەڵام ئەوجارەش دانوستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی ئەوکاتی عێراق بێ ئەنجام بوون.

- تاوەکو ئێستا یەکێتی سێ کۆنگرەی بەستوون، لە هەرسێ کۆنگرەکەشدا بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە. 

- لە یەکەمین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 1992 کاندید بوو بۆ رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان. 

- لە نیوەی دووەمی نەوەتەکاندا بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئیدارەی سلێمانی. 

- ساڵی 1998 لەگەڵ مەسعود بارزانی و بە نێوانگیریی ئەمریکا رێککەوتننامەی واشنتنیان واژۆکرد، بەوهۆیەوە کۆتایی بە شەڕی براکوژی هێنرا کە چوار ساڵ بوو لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەڵایسابوو.

- لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003، ئەندامی جڤاتی فەرمانڕەوایی عێراق (مەجلیسی حوکم) ، خولێکیش سەرۆکایەتیی  جڤاتەکەی کرد، هەروەها لە داڕشتنەوەی دەستووری عێراقدا رۆڵی سەرەکی گێڕا. 

- رۆژی 6 ی نیسانی 2005 بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا کوردێک بووە سەرۆککۆمار، ئەو کەسەش مام جەلال بوو. 

- رۆژی 22 ی نیسانی 2006 سەرلەنوێ کرایەوە سەرۆککۆماری عێراق. 

- لەبەرئەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق بۆ کوردستان بوو، ساڵی 2010ـیش دیسان مام جەلال بووەوە سەرۆککۆمار.

- رۆژی 17-12-2012، دوای تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ و مێشک، لە بەغدا کەوتە نەخۆشخانە و دواتر بەپەلە گەیێندرایە ئەڵمانیا.

- بەر لە نەخۆشکەوتنی دەیویست واز لە سیاسەت بێنێ و دەست بە نووسین بکات.

- رۆژی 3-10-2017 لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

- رۆژی 6-10-2017 تەرمەکەی گەڕێندرایەوە سلێمانی و لە گردی دەباشان بەخاکسپێردرا.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح