رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی دیداری مێری لە هەولێر کە تێیدا چەند پانێڵێک بەڕێوەچوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە پانێڵەکاندا تیشکی خستە سەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گوتی، "هەڵسوکەوتی دارایی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هیچ فیدراڵییەتێکی جیهاندا نییە."
رۆژی سێشەممە، 10ـی ئۆکتۆبەری 2023 پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) دیداری مێری بەڕێوەبرد کە لە چەند پانێڵی جیاواز پێکهاتبوون. لە یەک لە پانێڵەکاندا بە ناونیشانی "بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندیی فیدراڵ-هەرێمییەکان: پرۆسەیەک کە لەمێژە دواکەوتووە"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و باسی لە چەند بابەتێکی دیکەیش کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "کێشەیەکی جەوهەری لە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە. پێش هەموو شتێک دەبێ ئەوە چارەسەر بکرێت. بەپێی دەستووری عێراق، سیستمەکەمان فیدراڵییە؛ عێراق وڵاتێکی فیدراڵە، بەڵام لە نێوەڕۆکدا مەرکەزییەتێکی زۆر بەهێز هەیە و تاوەکو ئێستاش فیدراڵییەت لە عێراق جێگەی خۆی نەگرتووە. ئەمە وەکو گلەیی نییە. تاوەکو ئەو کێشەیە لە بنەڕەتەوە لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەکرێت کە ئایا ئێمە سیستمێکی فیدراڵین یان سیستمێکی مەرکەزی، کێشەکانی دیکە چارەسەر نابن."
"دەبێت رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان یەکێتی و پارتی بنووسرێتەوە"
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی گرنگە و دەبێ هەموومان هەوڵی ئەوە بدەین ئەو پەیوەندییە گرفتی گەورەی تێنەکەوێت، ئەو پەیوەندییەش ئەوەندە خراپ نییە کە نەتوانین چارەسەری بکەین."
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای کۆچی دوایی مام جەلال بە قۆناخێکدا تێپەڕی کە تووشی هەندێک کێشەی دیکە بووەوە. ئێستا سەقامگیرییەکی سیاسیی باشتر لەنێو یەکێتیدا دروستبووە، بەتایبەتی دوای ئەم کۆنگرەیەی یەکێتی کردی. ئێمە زۆر بە هیواوە لە ئاییندەیەکی باشتر لە پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی دەڕوانین."
لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد کە کێشەیەکی جەوهەری لە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە و ئاماژەیدا؛ "بەپێی دەستووری عێراق، سیستمەکەی فیدراڵییە؛ بەڵام لە نێوەڕۆکدا مەرکەزییەتێکی زۆر بەهێز هەیە و تاوەکو ئێستاش فیدراڵییەت لە عێراق جێگەی خۆی نەگرتووە. تاوەکو ئەو کێشەیە لە بنەڕەتەوە لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەکرێت کە ئایا ئێمە سیستمێکی فیدراڵین یان سیستمێکی مەرکەزی، کێشەکانی دیکە چارەسەر نابن".
هەر ئەمڕۆ و لە رۆژی یەکەمی دیداری مێری، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق، ستیڤن هیگنز، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و چەند بەرپرس و سەرمایەدارێکی دیکەیش قسەیان کرد.