رووداو - هەولێر
پێشانگەی روانگە فورەس بۆ هەلی کار لە هەولێر بەڕێوەچوو بوو، بەپێی ئامارەکانی روانگە فورەس، هەر کۆمپانیایەکی بەشدار لە پێشانگەکەدا لەنێوان 100 تاوەکو پێنج هەزار سیڤییان وەرگرتووە، بەڵام مەرج و رێنماییەکان رێگە نادەن هەمووان کاریان دەستبکەوێت، چونکە زۆربەی دەرچووان جگە لە زمانی دایک، زمانێکی دیکە نازانن.
ئەو کەسانەی لەماوەی دوو رۆژی پێشانگەکە روویان لێی کرد، ئەوانە بوون کە بە دوای هەلی کاردا دەگەڕان، کۆمپانیاکانیش بەدوای بەتواناترین و لێهاتووترین کەسدا دەگەڕان بۆ ئەوەی لەو بوارانەی پێویستیانە، دایانبمەزرێنن.
119 کۆمپانیا بەشداربوون، لەگەڵ رێکخراوێک و نۆ زانکۆ و پەیمانگا. بەگشتی 24 هەزار و 283 کەس زانیاری کەسیێتی خۆیان پێشکەش کرد بۆ ئەوەی کارێکیان لەو 1421 هەلی کارە دەستبکەوێت، کە راگەیەندرابوون.
بە بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، لە سێیەمین پێشانگەی هەلی کار ژمارەی کۆمپانیاکان و کارخوازان و دەرفەتی کاریش زۆرتر بوون، ئەمانەش جگە لە هێنانەدی ئامانجەکەی دەزگای روانگە، کە چەندین کونسوڵگەری و رێکخراوی نێودەوڵەتیش پاڵپشتی بوون بۆ هەمان ئامانج.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای روانگە، لە دوو ساڵی رابردوودا 136 کۆمپانیا بەشداریان لە پێشانگەکە کردبوو، زیاتر لە 2000 هەلی کار هەبوون، 25 هەزار و 627 کارخواز سەردانی پێشانگەکانیان کردبوو.
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ