رووداو دیجیتاڵ
قوتابییانی یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی قۆناخی 12ـی ئامادەیی، میوانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوون. نێچیرڤان بارزانی پێش قوتابییەکان سوپاسی کەسوکاریانی کرد، بەڵێنی پێدان لە قۆناخەکانی داهاتووی خوێندن هاوکارییان بێت و کام بەش و زانکۆیان لاپەسند بێت لەوێ بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.
هەموو ئەو قوتابخانانەی ئەو قوتابییانە ئامادەییان لێ تەواوکردووە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نۆژەنیان دەکاتەوە.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە بە رووداوی گوت: داواکاری دایک و باوکی قوتابییان بوو کە قوتابخانەکانیان نۆژەن بکرێنەوە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی پێدان و ئێمەیان راسپارد بە دواداچوون بکەین و ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی بدەین.
خوێندکاران لە هەرسێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی قۆناخی پەیمانگە و زانکۆیان بە خۆڕایی دەبێت.
ساوێن عەبدوڵڵا، قوتابییەکە و دەڵێت: بەڵێنی پێداین خوێندنی زانکۆمان بەخۆڕایی بێت، هەر زانکۆیەک هەڵبژێرین و هەموو ئاسانکارییەکانمان بۆ بکرێت.
نمە محەممەد، قوتابییەکی دیکەیە و گوتی: هاندانێکی باش بوو بۆ ئێمە کە کۆشش بکەین وەک ئامادەیی و بتوانین کۆنمرەی زانکۆشمان باش بێت.
عەبدوڵڵا عومەر، قوتابییەکە و دەڵێت، "بەپێی حەزمان زانکۆکان هەڵدەبژێرین و تاوەکو ئەو قوتابییانەی لە شاری خۆشیان نەخوێنن شوێنی مانەوەی بە خۆڕایمان پێدەدرێت."
رێزلێنانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێندەی وەرگرتنەوەی ئەنجامی نمرەی 12ـی ئامادەیی، باوک و دایکانی قوتابی خۆشحاڵ کردووە.
تۆفیق فەریق، باوکی قوتابییەکە و دەڵێت: تاوەکو بڵێیت خۆسحاڵ بووین بەم رێزلێنانە و سوپاسی کوڕەکەم دەکەم کە بەهۆی ئەوەوە بووینە خاوەنی رێزلێنانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
سوهام شوکر، دایکی قوتابییەکی دیکەیە و گوتی: بەڕاستی رۆژێکی خۆش و لەبیرنەکراو دەبێت کە خەڵات و رێزلێنانی سەرۆکمان پێدرا.
لەنێو ئەو قوتابییانە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە گرووپێک دروست دەکرێت بۆ ئەوەی لە خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەشدا خوێندکارەکان بتوانن داهێنان لەو بوارە بکەن کە نیازیانە بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆسی لێ بەدەستبێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ