رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی زۆنگاوی چبایش لە پارێزگای زیقاری عێراق، زۆربەی خەڵک تەنیا مردنی ماسییەکان دەبینن، بەڵام زاناکان دیوە شاراوەکەی؛ کەمبوونی ئۆکسجین، سوێربوونی ئاو، لەنێوچوونی قامیشەکان و ژینگەی زۆنگاوەکان بەگشتی.
ئەو کەمئاوییە چەقۆی لەسەر گەردنی خەڵکی ناوچەکە داناوە. ئەیوب محەممەد، ماسیگر دەڵێت، "رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت گرنگی بە خەڵکی زۆنگاوەکان بدەن و چارەسەرێک بۆ نەهێشتنی قەیرانی ئاو بدۆزنەوە، چونکە ئەمە سەرچاوەی رزق و رۆزیمانە. ئەگەر ماسییەکان بمرن، ئێمە چۆن بژین؟ ئەگەر گامێشەکان بمرن، ئێمە چۆن بژین؟ داوا دەکەین لایەنی بەرپرسیار خەمێک لە خەڵكی بخوات."
زۆنگاوەکانی پارێزگای زیقار خەریکە سیما رەسەنەکەیان لەدەستدەدەن و جادووی خۆیان لە لیستی شوێنەوارەکانی یونسکۆ بەتاڵ دەکەنەوە. چالاکڤانانی گۆڕانی کەشوهەوا، تەنیا گوشارخستنە سەر تورکیا بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتر بە چارەسەر دەزانن.
ئەحمەد حەبیب ئەسەدی، چالاکڤانی ژینگەیی دەڵێت، "بەردانەوەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێ بۆ رووباری دیجلە و فورات کەمی کردووە و ئەمە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی زۆنگاوەکان؛ ئۆکسجین کەمیکردووە و خوێ زیادیکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر لە ماسی و ژمارەیەکی زۆر لە گامێش، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خاوەن گامێش و خەڵكی هۆزەکان دروستکردووە."
خالید شەماڵ، گوتەبێژى وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بە رووداوی راگەیاند، "رووبارى دیجلە ئەمڕۆ بڕى ئاوەکەى 205 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، لە کاتێکدا دەبوو 500 مەتر سێجا کەمتر نەبێت لە چرکەیەکدا. ئاوى رووبارى فوراتیش 153 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، لە کاتێکدا دەبوو لەنێوان 400 بۆ 500 مەتر سێجا بێت لە چرکەیەکدا؛ بەوەش عێراق رووبەڕووى کورتهێنان بووەتەوە لەڕووى بەشە ئاوەکەى کە لەنێوان 30% بۆ 50%ى بەشە ئاوەکەى پێدەگات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ