بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەروازەی سنووریی باشماخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەش دەروێش بە گولـلەی هێزەکانی ئێران برینداربوون.
موختار حاجی عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەروازەی سنووریی باشماخ ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە بریندارەکان هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و پاش وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی گەڕێنراوەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.
حەسەن سەلیمی، خەلیفە و یەکێک لە شوێنکەوتووانی شێخ محەممەدی کەسنەزانی کە ئەمڕۆ لە دەروازەی باشماخەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان، بە رووداوی گوت، دوو کەس برینداربوون کە یەکێکیان گەڕێنراوەتەوە بۆ ئێران و ئەوی دیکەشیان گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی. ئەو شایەتحاڵە باسی لەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان "پێشوازییان لێکردوون" و سوپاسگوزاری ئەوەن.
بەرپرسەکەی دەروازەی باشماخ دەڵێت، زانیارییان هەیە نزیکەی 200 دەروێشی دیکە دەیانەوێت بێنە هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ئەوان بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاژێر 05:00ی ئێوارەوە دەروازەکەیان داخستووە و رێگەنادەن هیچ کەسێك بێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە.
ئەمڕۆ هەزاران دەروێشی شێخ محەممەدی کەسنەزانی بە شمشێر، خەنجەر و تەورەوە سنووری دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخیان تێپەڕاند و دەڵێن، دەیانەوێت لە سلێمانی بەشداری لە پرسەی رێبەرەکەیاندا بکەن و پشتیوانیی خۆیان بۆ شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، جێگرەوەی رێبەرەکەیان دەرببڕن.
رۆژی 4ی تەممووزی 2020، شێخ محەممەدی شێخ عەبدولکەریم کەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.
بڕیارە سبەینێ رۆژی هەینی 10ی تەممووزی 2020 تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی لە ئەمریکاوە بگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان و لە سلێمانی مەراسیمی بەخاکسپاردنی بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ