حەماس و ئیسرائیل یەكدی بە هۆكاری ئاڵۆزییەكان تۆمەتبار دەكەن

10-06-2016
رووداو @Rudawkurdish
.....
.....
نیشانەکردن فەڵەستین و ئیسرائیل
A+ A-

رووداو - تەلئەبیب

کاردانەوەکانی تەقینەوەکەی شاری تەلئەبیبی ئیسرائیل بەردەوامە و  هەردوو لایەنی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل یەکدی تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە نایانەوێت دوای 70 ساڵ پرۆسەی ئاشتی لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستپێبکات.

ئەحمەد موسا، باوکی یەکێک لە هێرشبەرەکانە ئاماژە بەوە دەکات، کاتێک زانیوێتی کوڕەکەی هێرشی بۆ سەر مارکێتی شارۆنا ئەنجامداوە  تووشی شۆک بووە.
 
ئەحمەد  موسا گوتی "بە دڵنیاییەوە هەواڵی هێرشەکە بۆ من سەخت بوو، کورەکەم پەیوەندی بە هیچ پارتێک یاخود رێکخراوێکی سیاسییەوە نییە، دوو مامی زیندانیکراون، یەکێکیان حەوت ساڵ حوکمدراوە ئەوی دیکەیان یەک ساڵ حوکمدراوە، من پێشبینی ئەوەم نەکرد کە کوڕکەم  ئاوا بکات، چونکە چوار ساڵ لە ئوردنە تەنیا حەوت مانگ هاتووەتەوە بۆ فەڵەستین".  

ئەم هێرشە لەکاتێکدایە فەرەنسا ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسێک تایبەت بە فەڵەستین دەکات و بە گوتەی شارەزایان هەر کاتێک هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستپێبکات هێرش و تەقینەوە روودەدات تاوەکو هەوڵەکان سەرنەگرن.

بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئامادەیە لەسەر دەستپێشخەری عەرەبی بۆ چارەسەری دۆسییەی فەڵەستین گفتوگۆ بکات.
   
ئیسرائیلییەکان پێیانوایە بزووتنەوەی حەماس یاخود بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە پشت ئەو هێرشانەن، چونکە نایانەوێت کێشەی 70 ساڵەی فەڵەستین چارەسەر ببێت.

هاوکات حەماس و میلیشیاکانی  جیهادی ئیسلامی ئیسرائیل  تۆمەتبار دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن ئەوە  فەڵەستینییەکان ئەنجامیدەدەن  کاردانەوەیە.

خالد باتش، سەرکردەی بزووتنەوەی چیهادی ئیسلامی دەڵێت "ئەم هێرشە لە لایەن دوو  فەڵەستینیەوە ئەنجامدراوە  کە خەڵکی یاتا و هیبرۆن بوون، وەڵامێکی گونجاوە بۆ کوشتنی ژن و منداڵ  و گەنجەکانمان، کە لە سەر شەقامەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە دەکوژرێن.  ئیسرائیل بەرپرسیارە لە هێرشەکەدا، چونکە ئەم هێرشە پەرچەکرداری هێرشی ئیسرائیلییەکانە لە  کەناری رۆژئاوا".
    
ئەم هێرشانە جگە لەوەی لەڕووی  سیاسی و ئەمنییەوە کاریگەری نەرێنی لە سەر  فەڵەستینەییەکان دەبێت، لەڕووی ئابووریشەوە کاریگەری لەسەر ژیانی پتر لە 80  هەزار فەڵستینی دەبێت. حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، 80 هەزار فەڵەستینی کە لە ئیسرائیل  کاردەکەن تاوەکو کۆتایی مانگی رەمەزان مۆڵەتی کارکردنیان راگیراوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە