رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 10ـی ئاداری هەموو ساڵێک، رۆژی جلی نەتەوەییە. لە خوێندگە ئیسلامییەکان و حوجرەکان لە هەرێمی کوردستان، مەرجی یەکەم بۆ ئەوەی ببیتە فەقێ ئەوەیە کە جلوبەرگی کوردی بپۆشیت و دابونەریتی کوردەواری بەتەواوی پەیڕەو بکەیت.
ئەگەر سەردانێکی خوێندگایەکی ئیسلامی و حوجرەیەک بکەیت، جگە لە جلوبەرگی کوردی، هیچ جۆرە جلێکی دیکە بەدی ناکرێت.
وێنەکان لە دواناوەندیی شەهید مەلا عەبدوڵڵا پەلپیتانی لە هەولێر چرکێندراون. بۆ فەقێکانی ئەو خوێندنگە ئیسلامییە، 10ـی مانگ رۆژێکی ئاساییە، چونکە هەمیشە جلوبەرگی کوردی دەپۆشن.
د. سەڵاحەدین مەلا عەبدوڵڵا پەلپیتانی، بەڕێوەبەری دواناوەندییەکە بە رووداوی راگەیاند: "جلی کوردی، چەکێکە دژی لەبیرکردنی کولتوور و دابونەریتی خۆمان و ناسنامەیەکە بۆ نەوەکانی داهاتوو."
ئەو دەڵێت: "بە پلەی یەکەم مامۆستایانی ئایینی و خوێندنگە ئیسلامییەکان و حوجرەکان جلوبەرگی رەسەنی کوردەوارییان پاراستووە، چونکە مەرجی یەکەمی پۆشینی جلی کوردییە و لەم ناوەندە خوێندنە ئیسلامییانە زۆر گرنگی بە کولتوور و جلوبەرگی رەسەنی باو و باپیرانمان دەدەین."
هەموو خوێندگا و حوجرەکانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف پابەندن بە یەکپۆشیی جلی کوردی. هیچ خوێندکارێک بۆی نییە بەبێ کڵاو و جامانە بەرامبەر مامۆستاکەی بوەستێت، چونکە جگە لە خوێندنی بابەتە ئایینییەکان، لەوێ زۆر گرنگی بە دابونەریتی کوردەواری دەدرێت لە هەموو روویەکەوە.
د. سەڵاحەدین مەلا عەبدوڵڵا پەلپیتانی ئەوەشی گوت، "پێویستە رۆژێک تەرخان نەکرێت تەنیا بۆ جلی کوردی، بەڵکو دەبێت لە هەموو دامودەزگەکان بە بەردەوامی ببینرێت، چونکە کورد لەسەر کولتوور و زمان دەیان هەزار شەهیدی داوە، یەکێک لەوانە جلی کوردییە. کاتێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدەدرانەوە، بە جل و جامانەکەیەوە دەناسران کە ئەمانە کوردن."
دواناوەندیی شەهید مەلا عەبدوڵڵا پەلپیتانی لە ساڵی 1989 لە هەولێر دامەزراوە و سەر بە وەزارەتی ئەوقافە، 250 خوێندکاری هەیە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە خوێندکار وەردەگرێت.