بارزانی: یان هەموومان لەنێودەچین یان خوێنی ئەمجارە بۆ سەربەخۆیی رژاوە

10-03-2016
پێشه‌وا هه‌ورامانی
نیشانەکردن مەسعود بارزانی
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەگەر چاکسازی نەکەین لەنێودەچین و سوپاسی هەرکەسێک دەکەم کە زانیاریمان پێبدات و هاوکاریمان بکات لە هەڵمەتی چاکسازیدا".

مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-3-2016 لەشاری هەولێر بەشداریکرد لە نۆزدەمین خولی پێگەیاندنی کادرانی پارتی و گوتارێکی پێشکەشکرد، لەسەر چەند تەوەرێک کە پێکهاتبوون لە بابەتی چاکسازی، دۆخی پارتی، شەڕی داعش.

سەبارەت بە پرۆسەی چاکسازی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، كە هاوكات سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، رایگەیاند "لەگەڵ حکومەت و دەستەی دەستپاکی گفتوگۆمان کردووە سەبارەت بە چاکسازی. نزیکەی بیست مەلەف سازکراوە دەیاندەمێ بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەن، ئەگەر کاریان لەسەر کرد زۆر چاکە، ئەگەر نەیان کرد من راستەوخۆ خۆم دەچمە سەر خەت".

بارزانی  ئاماژەی بەوەشکرد "چاکسازی گرنگترین و پێویستترین کارە کە ئەنجامیبدەن و ئەگەر ئێمە ئەو کارە نەکەین لەنێودەچین". هاوکات داوای هاوکاریش دەکات لە هەر کەسێک کە هەم هاوکارییان بکات لە پرۆسەکەدا هەم زانیارییشان پێبدات.

لەبارەی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان بارزانی رایگەیاند "لەم قەیرانە بە دڵنیایی دەرباز دەبین، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەدوای میکانیزمێکدا دەگەڕێین بۆ چارەسەری قەیرانی کوردستان و حزبەکانی دیکەش پێکەوە هەموومان گفتو گۆ دەکەین بۆ چارەسەری کێشەکە، بەڵام ئەو میکانیزمەی کە دایدەنێین هەرگیز وەک جاران نابێت".

سەبارەت بە هۆکاری درووستبوونی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان، بارزانی باس لە بابەتێک دەکات کە ئەویش دامەزراندنی خەڵکە بەلێشاو، کە ئەو وەک ژەهرێکی کوشندە ناویبرد، چونکە دامەزراندنی خەڵک بەشێکە لەو قەیرانە و دەبێت چارەسەر بکرێت، بارزانی بۆ ئەمە پشتبەستن بە دۆزینەوەی کار بۆ خەڵک بەگرنگ دەزانێت لەڕێگەی دروستکردنی کارگە و پشتبەستن بە کشتوکاڵ و چەندین رێگەی دیکەی گرنگ کە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی خەڵك کاربکەن.

بارزانی دەشڵێت "ئێمە لەناو ماڵی خۆمانەوە دەست بە چاکسازی کەین و چاوپۆشی لە هیچ کەسێکیش ناکەین".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قسەکانیدا بەڕوونی قسە لەسەر پرسی سەربەخۆیی دەکات و دەڵێت" من پێشتر ئاماژەم بۆ ئەوە کردبوو ئەگەر ئەمجارە خوێنی ئێمە بڕژێت تەنها بۆ سەربەخۆیی دەبێت، بۆیە ئەمە هەردەبێت بیکەین و ئەو هەموو خوێنەی کە رژاوە ناهێڵین بەهەدەر بچێت، سەربەخۆیی مافی ئێمەیە و کارمان بۆ کردووە و کۆڵی لێنادەین، گرنگ نییە کێ رایدەگەیێنێت، ئەگەر منداڵێکیش بێت. دەستخۆشی لە هەرکەسێک دەکەین کە پاڵپشتی دەکات بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین وەڵامی دایکە شەهیدێک بدەینەوە، ئەگەر گوتی خوێنی کوڕەکەم بۆچی رژا".

بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كادیرانی حیزبەكەی ئاماژەی بەوەكردوە، سەیرە لەناو کوردستان کەسانێک هەبن حەسادەت بەمە بەرن و دژی سەربەخۆیی قسەبکەن، "من ناچمە ئێران قسەیەک بکەم و بچمە ئەنقەرەش بەدڵی ئەوان قسە بکەم، تەنانەت بە ئەمەریکاشم گوتووە کە ئێمە خاوەنی دۆزی خۆمانین، بۆیە یان دەبێت ئێمە هەموومان لەنێوبچین یان ئەمجارە خوێنمان بۆ سەربەخۆیی رژاندووە".

لەبارەی شەڕی داعش بارزانی گوتی، داعش کۆتایی پێنەهاتووە، هەتا داعش لە موسڵ هەبێت مەترسی لەسەر هەولێر و دهۆکیش هەیە، "بەڵام هەموو جیهان شاهێدن کە ئێمە داعشمان شکاند و پێشمەرگە گورزی لێدان، ئەوەش پێوەر نییە کە لەسەرەتادا چەند ناوچەیەکمان لەدەستدا لەشەڕدا کۆتایی گرنگە کە ئێمە سەرکەوتین، چونکە زۆربەی ئەو ناوچانەی لەدەستمان دابوون هەموومان کۆنترۆڵکردنەوە بە هێزی پێشمەرگە و هاوکاری هاوپەیمانان".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە