مووچەی مانگی یەکی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت

10-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی مووچەی مانگی یەکی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت. نوێنەرێکیان دەڵێت، لە هەولێر و دهۆک شایستەی مانگی تەممووزی وانەبێژییش دابەش دەکرێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، سبەی سێشەممە 11-02-2025 مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بۆ مانگی یەک لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
 
بودجەی مامۆستایانی گرێبەست نزیکەی 20 ملیار دینارە. بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، پارەکەیان لە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
 
عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک شایستەی دارایی کاتی وانەبێژیی مانگەکانی 7 و 8ی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە، لە کاتێکدا زیاتر لە دوو مانگە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دابەشکراوە."
 
بە گوتەی عەلی رەئووف، بڕیار دراوە سبەی لەگەڵ مووچەی مانگی یەکدا، لە هەولێر و دهۆک شایستەی دارایی مانگی حەوتی ساڵی رابردووش خەرج بکرێت.
 
مامۆستایانی گرێبەست هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی 11یان لەگەڵ دامەزراواندا وەرگرت.
 
25ی ئابی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا وانەبێژان بکاتە گرێبەست کە ژمارەیان 37 هەزار و 933 مامۆستا بوو. دوای رێکارە کارگێڕییەکان، سەرجەمیان کرانە گرێبەست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە