قایمقامی بازیان: بڵاوبوونەوەی نەخۆشی رەتدەکەینەوە و کارگەکانیش لەژێر چاودێریدان

10-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی نەخۆشکەوتنی ژمارەیەک هاونیشتمانی لە قەزای بازیان بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە بڵاوبووەتەوە، بەڵام قایمقامی قەزاکە رەتیدەکاتەوە.
 
دوای ئەوەی دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی "مەترسیدار" لە بۆریی هەناسەی هاونیشتمانیان لە قەزای بازیان لە پارێزگای سلێمانی بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە بڵاوبووەوە، قایمقامی قەزاکە بە رووداوی گوت، "کارگەکان هەموویان مۆڵەتیان هەیە و بە یاسایی کار دەکەن و لەژێر چاودێریشدان."
 
ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی قەزای بازیان ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، "5 بنکە و مەڵبەندی تەندروستی لە سنوورەکەمان هەن، لەنێویاندا 24 کاژێری هەیە، هیچ یەکێک لەوانە نەیانگوتووە کەیسی نەخۆشییان هەیە بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە، گوایە بەهۆی پیسبوونی هەواوە 70 کەس لەم چەند مانگەدا نەخۆشکەوتوون."
 
چوار کارگەی چیمەنتۆ و چوار کارگەی ئاسن لە کارگە دیارەکانی سنووری بازیانن. قایمقام دەڵێت، "سێ کارگەی چیمەنتۆیان تەواو دۆستی ژینگەن و دووکەڵیان نییە، هەروەها چوار کارگەی ئاسن یەک دانەیان گەورەیە، چەند کارگەیەکی چپس و بابەتی هاوشێوەش هەن، کە هی ئەوە نین ژینگە پیس بکەن."
 
ئیسماعیل ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی چوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی لە ساڵی رابردوودا، داوای کردنەوەی فەرمانگەی ژینگەی کردووە. دەشڵێت، "بە سوپاسەوە یەکەم فەرمانی بۆ دەرکردین و ئێستا فەرمانگەی ژینگەمان هەیە و لەسەر ئاستی لیژنەی جیادا چاودێریی ژینگەی ناوچەکە و کارگەکان دەکەن."
 
قایمقامی قەزای بازیان داوای کرد، هیچ کەسێک دڵەڕاوێکی لەنێو خەڵکدا بڵاونەکاتەوە، داواشی لە میدیاکان، بەتایبەتی رووداو، کرد، بۆ راستییەکان سەردانی قەزاکەیان بکەن و لە نزیکەوە دیمەنی کارگەکان و فلتەرەکانیان تۆمار بکەن و راستییەکان بۆ خەڵک بخەنەڕوو.
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ لەوە ئاگادار نەکراوینتەوە و کە لە سنووری بازیان نەخۆشی بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە بڵاوبووبێتەوە."
 
قەزای بازیان لە سنووری پارێزگای سلێمانییە، دانیشتووانەکەی نزیکەی 80 هەزار کەسە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە