رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی ئەو سەربازانەی وڵاتەکەیی کرد کە لە هەولێرن و سوپاسی خۆیشی بۆ "هەوڵەکانی کوردستان" دەربڕی لە "شەڕی دژی تیرۆریزم و داعش".
كريستينه لامبرێشت، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەسەرکردنەوەی راوێژکارانی سەربازیی وڵاتەکەی لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی شەڕی داعش رایگەیاند، "بابەتەکە ئەوە نییە کە شەڕی دژی تیرۆر تەنیا لەم هەرێمەوە دەکرێت، بەڵکو ئەمە شەڕێکە کە هەموومان پێکەوە دەیکەین؛ ئەمە شەڕێکە پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە، بە ئەوروپا و ئەڵمانیاشەوە. بۆیە زۆر مەبەستم بوو کە سوپاسێکی لە دڵەوە و ستایشی خۆمان دەرببڕین بۆ ئەم کارە گەورەیەی کراوە".
رۆژی یەکشەممە 09-01-2022 وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەردوولا لەسەر هەندێک پرس هاوڕا بوون؛ وەزیرە ئەڵمانییەکە گەشبینیی خۆی بۆ داهاتووی کاری هاوبەش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.