رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی پلەی گەرما کەمێک بەرزدەبێتەوە، کەشناسێکیش دەڵێت، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی باران و بەفر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 09ی کانوونی یەکەمی 2024، کەشناسی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "سبەی ئاسمان لەنێوان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت پلەی گەرما کەمێک بەرزتر دەبێتەوە بە 1-2 پلە لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ کە نزمترینیان 7 و بەرزترینی 21 پلە بوو."
محەممەد کەمال، شارەزایی کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەشوهەوای سبەی ئاسایی دەبێت ئاسمان پەڵەهەور دەبێت، بەڵام لە 13ی مانگەوە شەپۆلێکی سەرما، بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
ئەو کەشناسە گوتی: "ئێوارەی 13 و 14ی مانگە لە تەواوی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەی دەکەونە دامێنی چیاکان ئەگەری بارینی بەفر و باران هەیە."
بە گوتەی محەممەد کەمال، لە کۆتا ساتی شەپۆلەکەدا ئەگەری 40٪ هەیە، کە بەفربارینەکە دابەزێت بۆ ئیدارەی سۆران و بەرزاییەکانی سلێمانی، بەو هۆیەوە کەشەوهەوا تەواو سارد دەبێت، پلەی گەرما زیاتر لە 7 پلە دادەبەزێت."
بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم شێوەیە دەبن:
هەولێر: 21 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 16 پلەى سیلیزى
دهۆک: 21 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 22 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 18 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 22 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 10پلەى سیلیزى
سۆران: 15 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 23 پلەى سیلیزى
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ