رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی ساڵێکە کارەبای بازاڕی دهۆک بووەتە پریپەید و بەشی زۆری دووکانداران لێی رازین. دووکاندارێک دەڵێت، پێشتر مانگانە 200 هەزاریان دەدایە کارەبای موەلیدە، ئێستاش نزیکەی هەمان پارە دەدەن. تاوەکو ئێستا 5٪ـی کارەبای هاوبەشان لە پارێزگای دهۆک کراوەتە پریپەید.
دڵشاد فارس، لە بازاڕی دهۆک دووکانی شیرەمەنی هەیە و دەڵێت، "پێشتر 200 هەزارمان دەدایە کارەبای موەلیدە و هەموو کەلوپەلە کارەباییەکانیشمان کاری نەدەکرد. ئێستا تەنیا ترسمان لەوە هەیە ئەگەر بەهۆی هەر کێشەیەکەوە کارەبا ببڕێت، ئێمە وەکو دووکانی شیرەمەنی زیانی زۆر دەکەین."
لە پارێزگای دهۆک دانانی سیستمی کارەبای پریپەید بۆ ماڵانیش دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. لە قەزای ئامێدی و شەش کۆمەڵگە لەگەڵ چەند گەڕەکێکی سەنتەری شاری دهۆکیش ئەو سیستمە دانراوە. هاونیشتمانییانیش بۆچوونی جیاوازیان هەیە.
عەلی کۆچەر، دووکاندار دەڵێت، "ئەم کارەبایەی ئێستا دەدرێتە دووکانداران، ئێمە لە دووکان دەزانین چەند گڵۆپ هەڵدەکەین، بەڵام لە ماڵ هیتەرە، سپلیتە و زۆر شتی دیکەش هەیە، هەمووی کار ناکات."
زاتی جەمیل، کاسبکار باس لەوە دەکات، "ئەگەر حکومەت نرخێکی گونجاو دابنێت، پێموایە ئەم سیستمە باشە و گونجاوە."
سیستمی پریپەید واتە پارەدانی پێشوەخت، پێش ئەوەی هاوبەشەکە کارەباکەی بەکاربهێنێت، دەبێت پارەکانی بدات، بەوەش لایەنی بەرامبەر 24 کاژێر کارەبای بۆ دابین دەکات.
حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری کارەبای دهۆک بە رووداوی گوت، "ئەگەر لە تواناماندا هەبێت، پێمان خۆشە هەمووی بکرێتە پریپەید و ببێتە 24 کاژێری، بەڵام ئەو بڕە کارەبایە لەبەردەستی ئێمە نییە و بەشی ئەوە ناکات بکرێتە 24 کاژێری، چەند کاژێر کارەبامان بۆ دێت، هەمووی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکەین."
لە دهۆک 242 هەزار بەشداربووی کارەبا هەن و تاوەکو ئێستا هەزار و 13 هەزار و 250 هاوبەش، کارەبایان کراوەتە سیستمی پریپەید کە زیاتر لە 5٪ـی هاوبەشان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ