رووداو دیجیتاڵ
حوسنی محەممەد، جووتیارێکی زاخۆیە و ئەم ساڵ سێ دۆنم زەوی کردووەتە هەنار و دەڵێت، بەرهەمی ئەم ساڵی لە پار باشترە و بەنیازە لە رێگەی بازرگانەکانەوە رەوانەی وڵاتانی ئەوروپای بکات.
ئەو جووتیارە وەکو خۆی باسی دەکات، ساڵی رابردوو کە هەنار رەوانەی وڵاتانی کەنداو کرا، هەناری باخەکەی ئەمیشی تێدا بووە.
هەنارەکەی حوسنی محەممەد لە جۆری شارەبان و مەهداویە.
حوسنی دەڵێت، "ئێمە مادەی کیمیایی بەکارناهێنین، بۆ ئاودانییش، پێویستە چوار یان پێنج رۆژ جارێک بەگوێرەی جۆری زەوییەکە هەنارەکان ئاو بدەین".
30 تۆن هەناری زاخۆ و 70 تۆن هەناری هەڵەبجە لە رێگەی دوو کۆمپانیای نێوخۆییەوە هەناردەی بەریتانیا و فەرەنسا کران، هەنارەکان لە جۆری شارەبان و مەهداوی و سالخانە بوون، بڕیاریشە بڕی هەناری هەناردەکراو تاوەکو کۆتایی ساڵ بگاتە هەزار تۆن.
ئیدریس ئەحمەد، بازرگانی میوەجاتە و دەڵێت، "سەرەتا بارە هەنارەکان دەبەینە تورکیا، لە مێرسین بە کەشتی بەرەو بەریتانیا رەوانەی دەکەین، بەڵام بۆ فەرەنسا هەر بەڕێی وشکانی دەینێرین، ئەمە هەموو لە ماوەی 8 بۆ 10 رۆژ دەگاتە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە".
وتیشی، ئەمە جارێ یەکەم کاروانە، ئەوان تەنیا لەگەڵ بازاڕەکانی فەرەنسا گرێبەستی هەناردەکردنی هەزار تۆن هەناریان هەیە.
بۆ ئەم ساڵ، لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، نزیکەی چوار هەزار دۆنم زەوی بە هەنار چێندراوە کە ساڵانە بەرهەمەکەی 14 هەزار تۆنە. لە پارێزگای هەڵەبجەش ساڵانە زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەوی بە هەنار دەچێندرێت و بەرهەمەکەی 30 هەزار تۆنە. یەک کیلۆگرام هەنار لە بازاڕە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو 1500 دینار بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ