رووداو - هەولێر
ساڵانە لە 12ـی رەبیع ئەوەل کە هاوکاتە لەگەڵ لەدایکبوونی محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام موسڵمانان لە سەرانسەری جیهان بە شێوازی جیاواز ئەو یادە دەکەنەوە. هاونیشتمانییانی کوردستانیش بە بەخشینەوەی شیرینی و دەفلێدان و سروودی ئایینی ئەو یادەیان کردەوە.
دەیان هەزار کەس لە شاری هەولێر و لە نزیک قەڵای هەولێر کۆبوونەوە و بە چالاکی و شێوازی جیاواز خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دووپاتکردەوە.
بەشێک لە مامۆستایانی ئایینیش لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربوون و بە گوتارەکانیان هانی هاونیشتمانییانیان دەدا تاوەکو زیاتر پابەندبن بە رووکنەکانی ئایینی ئیسلام و سوننەتەکانی پێغەمبەر (د.خ).