رووداو - هەولێر
وەزیری پێشووی سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی عێراق، پەرۆشی خۆی بۆ لاوازیی حکومەتی عێراق رادەگەیێنێت و دەڵێ سەرەڕای پێکهێنانی چەندین کابینەی حکومەت لەدوای رووخانی سەدامەوە تاوەکو ئێستا حکومەتێکی بەهێزی وا دانەمەزراوە، کە بتوانێت کاروباری وڵات بەباشی بەڕێوەببات و ئاستێک بۆ ئەو داڕمانە دابنێت، کە عێراق لە هەموو بوارێکدا دووچاری هاتووە.
دکتۆر لەتیف رەشید، وەزیری پێشووی سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی عێراق، کە هاوژینی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خوشکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، لە رۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراقی، گوتارێکی بڵاوکردووەتەوە و، دەڵێت حکومەتی عێراق زۆرباش دەزانێت، هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان دەستبەرداری سیاسەتە تاکڕەوییەکانیان نابن لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و، دەڵێت "حکومەتی عێراق باش دەزانێت، هەندێک لایەن نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدا ناکەن و بەگوێرەی دەستووری عێراق مامەڵە ناکەن".
دکتۆر لەتیف رەشید، کە لەسەر پشکی کورد پێشتر لە بەغدا وەزیر بوو، باس لە نەوتی کەرکووکیش دەکات و دەڵێت "بەوپێیەی کەرکووک هێشتا پارێزگایەکی سەر بە حکومەتی عێراقە، پێویستە فرۆشتنی نەوتەکەی لەدەست حکومەتی ناوەندی دابێت و پترۆدۆلاری پارێزگاکەش بۆ خۆشی خەڵکی پارێزگاکە خەرجبکرێت".
وەزیری پێشووی سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی عێراق، بە گرنگی دەزانێت رۆڵی حکومەتی ناوەندی کاراتربێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت "ئەگەر عێراق ئەو رۆڵەی ببینیبا تورکیا بەو جۆرە دەستتێوەردانی لە کاروباری عێراق نەدەکرد تاوەکو ئەو ئاستەی، داوای رۆڵی خۆی بکات لە شەڕی موسڵ". داواش دەکات "حکومەتی عێراق راستەوخۆ لە کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکاتە خاوەن، کە ئێستا وادەی سەرۆکایەتییەکە تەواوبووە، چونکە بووەتە مایەی قەیرانی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ