رووداو دیجیتاڵ
پرۆفیسۆر د. خەلیل ئیسماعیل، پسپۆڕی جوگرافیای دانیشتووان و نووسەر و وەرگێڕی 46 کتێب، بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دواییکرد.
د. خەلیل ئیسمـاعـیل پێشتر مامۆستای جوگرافیا بووە لە كۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەلاحەین. بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا گیانی لەدەستدا.
د. موسا محەممەد، راگری کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەلاحەدین ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەداخەوە کوردستان یەکێک لە باشترین مامۆستاکانی لەدەستدا".
راگری کۆلێژی ئاداب ئاماژەی بەوەکرد، کەمتر لە دوو ساڵە د. خەلیل ئیسماعیل خانەنشین بووە. گوتیشی، د. خەلیل "یەکێک بوو لە پسپۆڕەکانی مێژووی وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت تورکیا و ئێران".
د. خەلیل ئیسماعیل لە ساڵی 1945 لەدایکبووە. سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی گوت، "د. خەلیل 46 کتێبی نووسیوە یان وەرگێڕاوە، لەنێویاندا 19یان لەسەر ناوچە دابڕێندراوەکان بووە".
سامان عەبدوڵڵا گوتی، کۆچکردوو "یەکەم کەس" بوو کە نەخشەی کوردستانی پێشکێشی پەرلەمانی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسی کورد کرد.
د. خەلیل ئیسمـاعـیل لە بواری جوگرافیا و سەرژمێریی دانیشتووان دەیان توێژینەوەی زانستی لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان کردووە و چەندین كتێبی لەو بوارەدا نووسیوە.
د. خەلیل ئیسماعیل هاوژینی د. شوکریە رەسووڵە کە دکتۆرای لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردیدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ