رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی نێوان دەروازەی پەروێزخان و ناحیەی مەیدان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلدا روویداوە. سامان عەلی گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرەتای رووداوەکە شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان گیانی لەدەستدا و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش گیانی لەدەستدا".
یەکێک لەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە لەدایکبووی 1967ـە و ئەوی دیکەش 1983، هەردووکیان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن.
هاتووچۆی گەرمیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.
بە گوێرەی پۆلیسی هاتووچۆ، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ دوو هەزار و 909 رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بووە، لە کۆی رووداوەکاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ