رووداو دیجیتاڵ
بۆ مووچەی مانگی حەوت، خانەنشینانی سەربازی مووچەیان بە هاوتاکراوی بە مووچەی عێراق وەرنەگرت. بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، چاوەڕوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانن بۆ هاوتاکردنی مووچەکانیان.
بۆ یەکەمجار، مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینان بە هاوتاکراوی بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی عێراق دابەشکرا، بەڵام خانەنشینانی سەربازی لە هەرێمی کوردستان، کە نزیکەی 70 هەزار مووچەخۆرن، بە هاوتاکراوی مووچەیان وەرنەگرت.
شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ مووچەی مانگی هەشت لیستی خانەنشینانمان بە هاوتاکراوی ئاراستەی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام هاوتاکردنەکە پەسندکردنی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی دەوێت."
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی گوتی، "کێشەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە هەبوو، بۆیە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە لە مانگی تەممووز جێبەجێ نەکرا. کێشەکە ماوەتەوە و چارەسەر نەکراوە."
بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی، دەبێت وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە کۆببنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن، دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجامەکەی پەسند بکات.
لەبارەی چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکەوە، شێخ عەزیز گوتی، "ئەوانەی تازە خانەنشین بوون، مووچەی بنەڕەتییان کەم دەبێتەوە و دەرماڵەکانیان دەبڕدرێت، بۆیە وەزارەتی پێشمەرگە داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کردووە ئەم کێشەیە بمێنێتەوە تاوەکو چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی، "بۆ مووچەی مانگی حەوتیش لیستیان بە هاوتاکراوی ئامادە بووە، بەڵام ئەوانەی مووچەیان کەمی کردووە پەڵپیان گرتووە، بەتایبەت ئەو ئەفسەرانەی تازە خانەنشین بوون، ناڕازین."
ئەو بەرپرسەی خانەنشینی روونیکردەوە، "سلکی سەربازی وەکو مەدەنی نییە و دەرماڵەی مەترسیی هەیە و دەبڕدرێت، لە کۆی مووچەی بنەڕەتییەکەی کەم دەبێتەوە. ئەمە یاسایەکی یەکگرتووە، کۆی مووچەی بنەڕەتی کەڕەتی ساڵانی خزمەت و کەڕەتی دوو نیو دەکرێت، کە کۆی بنەڕەتییەکەی کەم بوو، هاوکێشەکە وایە، مووچەکەی کەم دەبێتەوە."
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەمموزی ئەمساڵ جێبەجێ نەکرا.
پێشتر کەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینار بوو. بەگوێرەی یاساکە کەمترینی دەبێتە 500 هەزار دینار، 100 هەزار دیناری زیادەش هەیە کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیادیکردووە.
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دیناربوو، دوای هاوتاکردن لانیکەم بووە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار و بەشێکیشیان بووە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار.
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت بە ئارەزومەندانە خانەنشین بێت.
هەر بەگوێرەی یاساکە، لەکاتی خانەنشینی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا 12 مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
21-07-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ