رووداو راسپاردەکانى بەغدا و هەولێر لەبارەى گومرگ بڵاودەکاتەوە

09-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتى هەرێمى کوردستان و شاندى حکومەتى فیدڕاڵ لەبارەى خاڵە گومرگەکانى نێوانیان رێککەوتن چەند راسپاردەیەک بەرز بکەنەوە بۆ یەکلاکردنەوەى و تاوەکو ئەو کاتەش رێکارەکان لەو گومرگانە رابگرن کە تایبەتن بە گواستەوەى کاڵا بۆ ناوچەکانى ژێڕ دەسەڵاتى حکومەتى فیدڕاڵى. هەروەها هەردوولاش دان بە کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان بنێن. 
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، ئەوەى هەردوو لایەنى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شاندەکەى حکومەتى فیدراڵى لە بارەیەوە رێککەوتوون کە پەیوەستە بە خاڵى گومرگى نێوانیان، ئەوەیە ژمارەیەک راسپاردە بۆ ئەنجوومەنى وەزارى ئابووریى عێراق بەرزبكرێتەوە، دوای تاوتوێکردنی، ئەنجوومەنەکە بڕیاریان لەسەر بدات یان ئەویش وەک راسپاردە بەرزىان بکاتەوە بۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ ئەوەى لەبارەیەوە رێکبکەون.
 
ئەمساڵ حکومەتى فیدڕاڵى دوو خاڵى گومرگى لە نەینەوا و کەرکووک دانا بۆ ئەوەى ئەو کاڵایانەى لێ گومرگ بکرێت کە لە هەرێمى کوردستانەوە هەناردەی ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى دەکرێن.
 
خاڵى یەکەمیان لە نێوان دهۆک و نەینەوایە کە بۆ ئەو کاڵایانەیە لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکرێن و بەتێپەڕ بوون بە هەرێمى کوردستاندا دەچنە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق. خاڵى دووەمیان لە کەرکووک بووە بۆ گومرگکردنى بەرهەمى نێوخۆیی هەرێمى کوردستان کە مەرجى بەغدا ئەوەیە دەبێت کۆمپانیاکان مۆڵەت لە حکومەتى فیدڕاڵى وەربگرن.
 
یەکێک لە راسپاردەکان ئەوەیە کە ئەو خاڵى گومرگانە هەڵبگیرێن تاوەکو رێککەوتنى کۆتایی دەکرێت لە رێگەى گەڕانەوە بۆ بڕیارى ژمارە 13ى ساڵى 2019ى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کە بە گوێرەى ئەو بڕیارە نابێت خاڵى گومرگى لە نێوان هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دیکەى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى هەبێت. 
 
سەرچاوەیەکى بەرپرسی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە ساڵى 2023 دوو بڕیارى بە ژمارەکانى 23055 و 23672 دەرکردووە کە پێچەوانەى بڕیارى ژمارە 13ى ساڵى 2019ى ئەنجوومەنى وەزیرانە، راسپاردەیەکى دیکە ئەوەیە کە کارکردن بەو دوو بڕیارە رابگیرێت. 
 
ئەو دوو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانى فیدراڵى تایبەتن بە گومرگى کاڵاى هاوردەکراو و پێناسەى گومرگى لە سەرانسەرى عێراقدا. 
 
سەرچاوەکەى رووداو ئاماژەى بەوەدا، پاساوى بەغدا بۆ دەرکردنى دوو بڕیارەکەى ساڵى 2023 ئەوەیە کە بەرهەمى نێوخۆیی بپارێزرێت لە کاتێکدا هەردوو بڕیارەکە پێچەوانەیە لەگەڵ یاساى گومرگى ژمارە 23ى ساڵى 1983، کە تەنیا رێگەى بەوە داوە خاڵى گومرگى لە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە دابنرێت نەک لە نێوان شارەکاندا.
 
بەگوێرەى زانیارییەکان، یەکێک لە راسپاردەکانى دیکە ئەوەیە مۆڵەتى کارگە و کۆمپانیا و بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێمى کوردستان لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى کارى پێ بکرێت و بەپێچەوانەشەوە ئەو کۆمپانیایانەى کە لە بەغدا مۆڵەتیان وەرگرتووە لە هەرێمى کوردستان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت وەک خاوەن مۆڵەت.
     
7ى ئەیلوول شاندێکى حکومەتى فیدڕاڵى بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و بە بەشداریی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانی، عەلی عەللاق، پارێزگای بانکی ناوەندی و حەمید غززی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، گەیشتە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و  چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان کرد بۆ چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوە دارایی و بازرگانییەکانى نێوانیان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێکی سەرژمێری لەکاتی راپەڕاندنی کارەکەی لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

دەستەی ئامار: مانگی شوبات ئەنجامی کۆتایی سەرژمێری رادەگەیێندرێت

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرژمێری بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە 15ی شوباتی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە رابگەیێندرێت.