رووداو - کەرکووک
لە دژی رووخاندنی 215 دووکان، لە بازاڕی گەراج لەیلانی کەرکووک، بەشێک لە خاوەن دووکانەکان گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق شوێنی ئەو دووکانانەی داوە بە کەرتی تایبەت، تاوەکو کارگەیەکی هەویرکاری لە شوێنەکانیان دروست بکرێت، بۆ رووخاندنی دووکانەکان مۆڵەتی 48 کاژێر بە دووکاندارەکان دراوە و بە پێچەوانەوە دەستگیر دەکرێن.
ئازاد زیاد، دووکاندار دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک رێگر نین لەوەی کاری وەبەرهێنان لێرە ئەنجام بدرێت. ئێمە بە وەبەرهێنەرەکەمان گوت: دووکانەکان دروست بکەرەوە و بە ئێمەی بدەرەوە؛ گوتی: بە هیچ شێوەیەک بە ئێوەی نادەمەوە. واتە دەیەوێت لێرە دەرمان بکات، ئەو بە ئێمە دەڵێت، زیادەڕۆن. ئێمە لە ساڵی 1990ـەوە لێرە دووکاندارین و لەو کاتەوە پارە بە حکومەت دەدەین."
پۆلیسی کەرکووک دووکانەکانی بە دووکاندارەکان داخستووە و دەرگا سەرەکییەکانی بازاڕەکەی گرتووە.
زەویی دووکانەکان موڵکی وەزارەتی بازرگانیی عێراقە و بە کرێی مانگانە بە دووکاندارەکان درابوو؛ خاوەن دووکانەکان داوا دەکەن شوێنێکی دیکەیان بۆ دیاریبکرێت، تاوەکو دووکانی لەسەر دروست بکەنەوە.
عیسام ئەحمەد، دووکاندار ئاماژە بەوە دەکات، "215 دووکان هەیە، ئەگەر خێزانەکان هەژمار بکەیت، 300 خێزانی لەسەرە، ئەم هەموو خێزانە روو لە کوێ بکەن؟ ئێمە داوای چارەسەرێک دەکەین، ئەوە چارەسەر نییە زەوییەکمان پێدەدەن بە شێوەی کاتی."
شاخەوان محەممەد، دووکاندار باسی لەوە کرد، "رۆژانە یاخود هەفتەی جارێک، هێز لەلایەن وەبەرهێنەرەکەوە دەنێردرێتە سەرمان، ئەوەش کاریگەریی لەسەرمان دروست کردووە؛ ئەوەتا لەو هەموو دووکانەدا تەنیا 10 دووکان کراونەتەوە و هەڕەشەی رووخاندن یان دەستگیرکردنمان لێدەکەن."
دووکاندارێکی دیکە بەناوی عینایەت ئیبراهیم گوتی، "نزیکەی چوار مانگە ئێمە لە ترسدا دەژین، هەندێکجار دوای کاژێر 02:00 هێزەکانی پۆلیسی بنکەی ئازادی دێنە سەرمان و ناچار رادەکەین. ئێستاش هێزەکانی زیادەڕۆیی دێنە سەرمان و لەسەر دووکانەکان نووسیویانە زیادەڕۆ، ئەم دووکانانە موڵکی حکومەتە و من پارە دەدەم زیادەڕۆی چی؟!"
زۆرینەی دووکاندارەکانی ئەو بازاڕە، کوردن؛ لەسەر سکاڵای وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بڕیاری رووخاندن بۆ ئەو دووکانانە دەرچووە و بەبێ قەرەبووکردنەوە دەبێت دووکانەکانیان چۆڵ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ