مانگانە لە کەرکووک 10 بۆ 12 کەس بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە گیان لەدەستدەدەن

11-07-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەی کەرکووک. وێنە: رووداو
سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەی کەرکووک. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

زۆربەی گەڕەکەکانی کەرکووک لەژێر کاریگەریی دووکەڵی کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکەدان و بەهۆی بۆن و ژینگەیەکی پیسەوە هەراسان بوون. مام رزگار تەمەنی 60 ساڵە، ماوەی سێ ساڵە تووشی شێرپەنجە بووە و چارەسەر وەردەگرێت، دەڵێت، "کاریگەریی دووکەڵ و پیسیی ژینگە بە روونی بەدیدەکرێت و هەر ئەوانەش تووشی شێرپەنجەیان کردووم."
 
رزگار سەعید، تووشبووی شێرپەنجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سێ ساڵە سەردانی ئەم سەنتەری شێرپەنجەیە دەکەم، حاڵەتەکانی تووشبوون رۆژ لەدوای رۆژ لە زیادبووندان، منداڵی دوو مانگ، گەنج و ئافرەت و بەتەمەن لێرە دەبیندرێن، سەرەتا هەست بە هیچ شتێک ناکەیت، هەر ئەوەندە دەزانیت تووشبوویت و هەڵگری شێرپەنجەیت."
 
رۆژ نا رۆژێک تووشبوویەکی نوێ دەبرێتە سەنتەری چارەسەری شێرپەنجەی کەرکووک و مانگانە 10 بۆ 12 کەس بەو نەخۆشییە گیان لەدەستدەدەن.
 
دەریا سەید، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە ئاماژە بەوە دەکات، "ژینگەی کەرکووک لە زۆر رووەوە ژینگەیەکی پیسە، هەر لە دووکەڵی نەوت تاوەکو دەگاتە دووکەڵی کارگەکانی دەوروبەری کەرکووک؛ بێگومان ئەمەش هۆکاری تووشبوونە بە شێرپەنجەی سیپەلک و میزڵدان و هەناسەدان، لە زۆربەی ئەمانەش پیسبوونی ژینگە رۆڵی هەیە و هۆکارە بۆ زیادبوونی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە."
 
لە کەرکووک یەک سەنتەری شێرپەنجەی 100 قەرەوێڵەیی هەیە و خێرخواز دروستیکردووە، بەشێکی زۆر دەرمان و کەرەستە تەندروستەکانیشی هەر خێرخوازان دابینی دەکەن.
 
نیاز ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری شێرپەنجەی کەرکووک دەڵێت، "هێشتا بە چاوی کەمتەرخەم لە حکومەتی عێراق دەڕوانین و نەگەیشتوون بە پێوەری پێویست لە دابینکردنی پێداویستییەکان؛ بۆ نموونە، لەڕووی دەرمان و ئامێری پزیشکی کەموکوڕیی زۆر هەیە و ئەو بایەخە پێویستەی بە کەرتەکانی تەندروستی نەدراوە."
 
بەپێی پێوەری فەرمانگەی ژینگەی کەرکووک، رێژەی سەوزایی لە کەرکووک 2.7%ـە و رێژەی دووکەڵی کێڵگەکانی نەوت و کارگەکان 11.6%ـە، ئەمەش بە مەترسییەکی گەورەی زیادبوونی زیاتری شێرپەنجە دادەنرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە