نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی رانیە 12ساڵە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوە

10-06-2024
ئەبوبەکر ئیسماعیل
نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی رانیە. وێنە: رووداو
نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی رانیە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - رانیە

نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی لە رانیە، دوای تەواوکردنی 70%ی کارەکانی، 12ساڵە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوە. پرۆژەکە بە گوژمەی 107 ملیۆن دۆلار ساڵی 2012 چووەتە واری جێبەجێکردن؛ دەبوو لە دوو ساڵدا بەڕووی چارەخوازاندا بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە و دانیشتووانى سنوورەکەش لە چاوەڕوانیی تەواوبوونیدان.
 
محەممەد حەمەدەمین، هاونشتیمانی دەڵێت، "چەند ساڵە ئەو هەموو مەسرەفەی لێکراوە، ئێستا 15%ی کەرەستەکانی خراپ بوون، ئەو هەموو داهاتی خەڵکە بەبا دەڕوات."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی سەباح عومەر دەڵێت، "بەحساب ئێمە داوای پارێزگا دەکەین، بەڵام نەخۆشخانەمان نییە، پێویستە تەواو بکرێت،هەموو رۆژ ئەمبوڵانس دەردەچێت بۆ سلێمانی، رێگە خراپە، رووداو روودەدەن."
 
پڕۆژەکە بۆ تەواوبوونی پێویستی بە 40 ملیۆن دۆلارە، بە تەواوبوونیشی هەلی کار بۆ 500 دەرچووی بەشە پزیشکییەکان دەڕەخسێنێت.
 
تەها محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی راپەڕین گوتی، "چەندین بەش هەن پێویستە بکرێنەوە، بەهۆی کەمیی بینا نەکراونەتەوە،بە تەواوبوونی ئەو نەخۆشخانەیە گرفتی کەمیی بینا لە سنوورەکە چارەسەر دەبێت."
 
پڕۆژەکە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کۆمپانیای جێبەجێکار بە پاساوی خەرجنەکردنی پارەی پێویست و حکومەتیش بە رەچاونەکردنی مەرجەکان لە دروستکردنی بیناکە، یەکدی خەتابار دەکەن، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەکە هەموو هەوڵێکیان بۆ تەواوکردنی پرۆژەکەیە.
 
هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، "لە شەش ساڵی رابردوودا هەموو هەوڵێکمان دەستبەکاربوونەوەی کۆمپانیا بووە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، بۆئەوەی تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەتی هاونیشتمانیان."
 
ژمارەی دانیشتووانی راپەڕین نزیکەی 500 هەزار کەسە، لە سنوورەکە 119 نەخۆشخانە، بنکە و مەڵبەندی تەندروستی هەن، بەشی زۆری باڵەخانەکان کۆن و بچووکن و ژمارەیەک بنکەی تەندروستیش لە کابینەدا دەوام دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە