گالەری


رووداو دیجیتاڵ

پێشانگەی نێودەوڵەتیی هایتێکس بۆ تەکنەلۆژیا لە هەولێر بە چالاکییەکی دەزگای روانگە کۆتاییهات. 30 گەنج بە پڕۆژەکانیان بەشداربوون لە (بیرۆکەکەم وەبەربهێنە) و لە چوار رۆژی پێشانگەکەدا، 12 پڕۆژەیان کۆمەک کران.
 
بڕی هاوکارییەکان بۆ ئەو پڕۆژانە لە هەزار دۆلار، تاوەکو چوار هەزار دۆلار بوو. 
 
جومعە مەحموود، رێکخەری پڕۆگرامەکان لە دەزگای روانگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەی ئەو 12 گەنجەیان لەلایەن لیژنەیەکەوە هەڵبژاردووە و لەسەر بنەمای داهێنان، ئەگەری فراوانبوونی پڕۆژە و بیرۆکەی پێشخستنی کۆمەکی داراییان کردوون. 
 
جومعە مەحموود لەبارەی گرنگیی هاوکارییەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پڕۆژەیەی روانگە وادەکات کە گەنجەکان پشت بە توانا و زیرەکیی خۆیان ببەستن و پڕۆژەکانیان گەورە بکەن، کە پڕۆژەکانیان گەورەکرد هەلی کار زیاتر دەرەخسێت و سوودی زۆری دەبێت بۆ کۆمەڵگە. لەم رێگەیشەوە هانی گەنجان دەدات بیرۆکە و پڕۆژەی نوێ پێشکێش بکەن. 
 
پێشانگەی هایتێکس بە بەشداریی 120 کۆمپانیا لە 20 وڵاتی جیهانەوە ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو و چەندین چالاکیی جۆراوجۆر و پانێڵی تێدا کران.